
یاریگا –
دوای ساڵێک زیاتر لە دوورکەوتنەوەی لە بارسێلۆنا، چاڤی هێرناندێز، یاریزان و راهێنەری پێشووی یانەکە بێدەنگی دەشکێنێت و پەردە لەسەر کۆمەڵێک راستی نێو یانەکە لادەبات.
چاڤی هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، گۆمەکە بەسەر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشوو و بەربژێری ئێستا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، دەشڵەقێنێت و راستییەکانی پشت نەگەڕانەوەی مێسی ئاشکرا دەکات.

گەڕانەوەی مێسی
لاپۆرتا راستییەکە ناڵێت. لیۆ دوای بردنەوەی مۆندیال، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دەیویست بگەڕێتەوە، پەیوەندیمان پێوەکرد و پێی گوتم زۆر حەزدەکات بگەڕێتەوە، خۆشم ئەوەم بینی. تاوەکوو مانگی سێ قسەمان کرد و پێم گوت، کەی رازیبوویت بە سەرۆک دەڵێم. سەرۆک لەگەڵ باوکی مێسی دەستی بە قسەکردن کرد و لالیگاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردبووین، هەموو شتێک ئامادەبوو و مێسی دەگەڕایەوە، بەڵام لاپۆرتا پێی وابوو مێسی دەسەڵاتەکانی کەمدەکاتەوە بۆیە هەموو شتێکی تێکدا.

گەڕانەوەت بۆ بارسێلۆنا
هەرگیز ناگەڕێمەوە بارسێلۆنا. وەکوو یاریزان و راهێنەر سەردەمی من تەواو بوو. ئێستا تەنیا دەمەوێت راستییەکان ئاشکرابکەم. مێسی نەگەڕایەوە چونکە لاپۆرتا نەیویست. ئەوە درۆیە کە دەگوترێت باوکی داوای پارەی کردووە یاخود لالیگا رەزامەندی نەداوە.
تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ خوان لاپۆرتا
هەڵمەتێکی میدیایی لە دژی من دەستپێکرد و لەگەڵ یاریزانەکانی وەکوو رۆبێرتۆ، ئاراوخۆ، پێدری و رافینیا قسەی دەکرد و پێی دەگوتن من دەمەوێت بیانفرۆشم. راست نییە کە دەگوترێت لیستێکم بۆ فرۆشتنی یاریزانان ئامادەکردبوو. ئەوکات قسەمان لەسەر فرۆشتنی یەک یاریزان دەکرد، بەڵام لەبەر رێزی یاریزانەکە نەمانویست ناوی ئاشکرابکەین.

بارسێلۆنای فلیک
تیپەکەی فلیکم بەدڵە، لە رووی هێرشبەرییەوە زۆر نایابن و بەسەر تیپی بەرامبەر زاڵن. ئێمەی هاندەرانی بارسێلۆنا چێژی لێ وەردەگرین و زۆر دڵخۆشم، چونکە پێم وایە بناغەیەکی باشمان هەیە تاوەکوو بەردەوامی بە پرۆژەکە بدرێت. لاوەکانی وەکوو، یامال، پێدری، باڵدێ، کوبارسی و فێرمین کلیلی ئەو پڕۆژەیەن.

پەیوەندیت لەگەڵ هانزی فلیک
هانزی فلیک داوای لێبووردنی لێ کردم، چونکە دوو هەفتە پێش ئەوەی دووربخرێمەوە، پرسیارم لێ کرد ئەو دەنگۆیانە راستن کە دێیتە بارسێلۆنا، بەڵام ئەو گوتی راست نین، لەبەرئەوەی یانەکە پێی گوتبوو هیچ شتێک ئاشکرا نەکات و بڕیاریان دابوو هەموو شتێک بەبێ ئاگاداری من بکەن.

گواستنەوەی یاریزانان
داوای گواستنەوەی مارتن زوبیمێندیم کرد بەڵام لەبەر هۆکاری دارایی رەتیانکردەوە. دەبوو زووتر یانەکە بەجێبهێڵم چونکە هیچ دەسەڵاتێکم نەمابوو.

ئەلێخاندرۆ ئێچێبارییا
بە کردارەکی ئەو یانەکە بەڕێوەدەبات، لە سەرووی لاپۆرتاوەیە. من پەیوەندییەکی دۆستانەم و باشم لەگەڵیدا هەبوو بەڵام لە کۆتاییدا منی دوورخستەوە. لە مانگی یەک بە یانەکەم گوت لەپێناو بەرژەوەندی خۆم و بارسیلۆنا دەستلەکاردەکێشمەوە و چاوم بە ئێچێبرییا کەوت چونکە دەمزانی ئەو بڕیاربەدەستە، سووربوو لەسەر ئەوەی دەیەوێت من بەردەوام بم، بەڵام شکستمان بەرامبەر پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنزلیگ بیروبۆچونی گۆڕی، هات و گوتی سەرۆکایەتی یانەکە لە بەردەوامی تۆ دڵنیانین و دووریانخستمەوە.



