
یاریگا –
خۆسێ خیمینێزی بەرگریکاری ئاتلێتیکۆ مەدرید رەخنەی زۆر لە خشتەی یارییەکان و کەڵەکەبوونی یارییەکان دەگرێت.
خیمینێز یەکێک بوو لە ناوە نوێیەکان لە پێکهاتەی سەرەکی ئاتلێتیکۆ بەرامبەر ریال سۆسیداد وەکوو پلانی دیێگۆ سیمیۆنی. لەگەڵ نەبوونی تاڕادەیەک هیچ کاتێک بۆ چێژوەرگرتن لە سەرکەوتنەکە، تیمەکە لە ئێساوە سەرنجی خستووەتە سەر یارییەکەی سێشەممە بۆ میواندارییکردنی تۆتنهام لە چامپیۆنزلیگ. دوای یارییەکە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە، رەخنەیەکی توندی لە خشتەی یارییەکان گرت و گوتی: “ئەمە ئامێری قیمەکردنی گۆشتە.”
خۆسێ خیمینێز دەڵێت:
ئێستا یارییەکی قورسمان لەپێشە، یارییەکی چامپیۆنزلیگ، یەکێک لەو یاریانەی یاریزانەکان حەز دەکەن یاریی تێدا بکەن. پێویستمان بە پشووە، تەنیا چەند رۆژێکی کەممان هەیە. ئەمە ئامێری قیمەکردنی گۆشتە، جەستەی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە تاوەکوو ئەوانی دیکە چێژی لێببینن. ئێمە گاڵتەجاڕی سێرکەکەین. کەی پێمان بڵێن یاریی دەکەین، کەس بیر لە ئێمە ناکاتەوە.
هەر لە یارییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ریال سۆسیداد، تۆپ بەر کۆترێک دەکەوێت لەنێو یاریگا و ناوبژیوان یارییەکە دەوەستێنێت. خیمینێز لەو کاتەدا کۆترەکە لەنێو یاریگا دەباتە دەرەوە و دواتریش لەو بارەیەوە گوتی:
پرسیارم لە ناوبژیوان کرد چی روودەدات، پێی گوتم بەهۆی کۆترەکەوەیە و منیش گوتم بەجدیتە؟ تۆ یارییەکەت بەهۆی کۆترەکەوە وەستاند؟ هەڵمگرت و لە یاریگا بردمە دەرەوە تاوەکوو بەردەوام بین لە یاریکردن. نازانم ئەگەر پڕۆتۆکۆڵ بۆ ئەمە هەبێت، هیوادارم کێشە نەبێت.
🐦 Una paloma se coló en el terreno de juego… y @JoseMaGimenez13 fue al rescate.
LALIGAHighlights | @Atleti pic.twitter.com/CT0cX1MK51
— LALIGA (@LaLiga) March 7, 2026
بەرگریکارەکە ئۆرۆگواییەکە کە خەریکە ئاستە باشەکەی دەگەڕێنێتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە شانازی بە ئاستی تیمەکە دەکات و گوتی:
ئێمە ئاتلێتیکۆ مەدریدین، ئێمە تیمێکین کە هەمیشە هەوڵی بردنەوە دەدەین و بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن سەرکێشی دەکەین. مێشکمان سەرنجی لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنە و لە یاریی لەم شێوەیە نیشانمانداوە.



