عێراقکوردستان

باسم قاسم: ئامادەکاریمان بۆ یارییەکەی گەڕمە باش نیە

هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

هەولێر لە ئەرکێکی قورسدا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە، راهێنەری هەولێریش دەڵێت ئامادەکاریمان بۆ یارییەکە باش نیە.

شەممە ( 7ـی ئاداری 2026 ) لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر کاتژمێر 11:15ـی شەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر گەڕمە یاریی دەکات، بۆ ئەم یارییە هەولێر لە توانای ئاکۆ حوزێر و ئەرکان ئەمیر و هومام تاریق بێبەش دەبێت کە لەلایەن راهێنەرەوە سزادراون، هەریەک لە مستەفا قابیل و نیاز محەمەدیش بەهۆی پێکانەوە ناتوانن بەشداری یارییەکە بکەن.

باسم قاسم، راهێنەری هەولێر گەشبین نیە بە تیپەکە بۆ ئەم یارییە، لەسەر دۆخی تیپەکە و ئامادەکارییان بۆ یارییەکە، راهێنەری هەولێر رایگەیاند:

یارییەکەمان ئاسان نیە و بەرامبەر تیپێکی بەهێز یاریی دەکەین، سەرەڕای ئەمەش کۆمەڵێک یاریزانی سەرەکیمان یاریی ناکات، ئامادەکاریمان بۆ یارییەکە باش نیە و لە هەفتەی رابردوو تەنیا دوو رۆژ مەشقمان کردووە، یاریزانەکان بایکۆتیان کردبوو بە هۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان، هەوڵدەدەین بە ئەنجامێکی شایستە یارییەکە کۆتایی پێبهێنین.

هەولێر یارییەکی دواخراوی هەیە و لە 19 یارییدا بە 37 خاڵ لە ریزبەندی شەشەم دێت، گەڕمە یەکەم یارییە لە ژێر سەرپەرشتی عیسام حەمەدی راهێنەر دەیکات و بە 38 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button