عێراقکوردستان

بۆ یارییەکەی زەوڕا راهێنەری نەورۆز هیوای بە پاڵپشتی هاندەرەکانی هەیە

نەورۆز لە یاریگای خۆی رووبەڕووی زەوڕا دەبێتەوە

Yariga App

یاریگا –

لە یارییەکی بەهێزدا، نەورۆز لە یاریگای خۆی میوانداری زەوڕا دەکات و راهێنەری تیپەکەش هیوای زۆری لەسەر هاندەران هەڵچنیوە.

لە گەڕی 21ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 7ـی ئاداری 2026 ) کاتژمێر 9ـی شەو نەورۆز میوانداری زەوڕا دەکات، زەوڕا سێ یارییە سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە لە خولەکە، نەورۆزیش لە پێنج یاریی رابردوو چوار سەرکەوتن و یەک شکستی هەیە.

زەوڕا بەهۆی بارودۆخی ئێستای عێڕاق و ناوچەکە بڕیاربوو گەشت نەکات، بەڵام یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق ئامادە نەبوو یارییەکە دوابخات، بۆیە شاندی زەوڕا درەنگانی شەوی رابردوو گەیشتنە سلێمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی یارییەکە.

وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز دەربارەی ئامادەکردنی تیپەکە و ئامانجیان لەم یارییەدا ووتی:

ئامادەکارییمان بۆ ئەم یارییە لە ئاستێکی زۆرباشدایە، من حەز بە رووبەڕووبوونەوەی یانە بەهێزەکان دەکەم و چێژ دەبینم، هیوای زۆرمان لەسەر هاندەران هەڵچنیوە و کە ببنە هۆکارێکی باش بۆ ئەوەی سەرکەوتن تۆمار بکەین، لە دوو یاریی رابردوو شەش خاڵمان هێناوە ئەمەش وادەکات زیاتر بۆ ریزبەندییەکانی سەرەوە هەوڵبدەین، یاریزانەکانم ئامادەن و ئامانجمان وەرگرتنی سێ خاڵی دیکەیە.

نەورۆز بە 25 خاڵ لە ریزبەندی 13ـی خولەکە دێت و گەڕی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا یاریی دەکات، زەوڕا 32 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button