کوردستان
دوو یاریزانی پیشەگەر ریزی پیشەسازیان جێهێشت
بۆ یارییەکانی داهاتوو پیشەسازی لە توانای دوو یاریزانی بێبەش دەبێت

یاریگا –
بۆ یارییەکانی داهاتووی خولی نایابی کوردستان، پیشەسازی لە توانای دوو یاریزانی پیشەگەری تیپەکەی بێبەش دەبێت.
هەریەک لە یاریزانان ناسڕ عومەر و سابر ئەمجەد، کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن ریزی پیشەسازیان جێهێشت و گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، سەرجاوەیەک لە یانەی پیشەسازی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند کە بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا لە عێڕاق و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێت، دوو یاریزانەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکانیان کردووە و ئێمەش لاریمان نەبوو لەسەر داواکەیان.
دوو یاریزانە رۆژهەڵاتیەکە لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندیان بە ریزی پیشەسازی کردبوو، پیشەسازی لەم وەرزە تا ئێستا 15 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 11ـی خولی نایابی کوردستان دێت، لە گەڕی 18ـی خولەکەش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر جوارقوڕنە یاریی دەکات.



