مۆندیالی 2026 لەبەردەم قەیرانی ژێرخان و ئەمنی و مهترسیهكی گهورهدایه
یاریگای مۆنتێری تێكچووه و تێکچوونی باری ئەمنی ترسی لای گهشتیاران دروستكردووه

یاریگا –
لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 دەکات لە 11ـی حوزەیرانی داهاتوو، بهڵام چەند کێشەیەکی مەترسیدار کە ڕەنگە کار بکاتە سەر ناوبانگی مەکسیک لە میوانداریکردنی ئەم ڕووداوە گەورەیە.
دیمەنێکی شەرمەزارکەر لە یاریگای مۆنتێری
رۆژنامەی دیاریۆ کامبیۆی مهكسیكی ئاماژەی بەوە کردووە کە یاریگای “بی بی ڤی ئەی کە بڕیارە میوانداری یارییەکانی مۆندیال بكات،رووبەڕووی قەیرانی ژێرخان بووەتەوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، هۆڵی رۆژنامەوانیی یاریگاکە تووشی لێچوونی ئاو بووە لە سەقفەکەیەوە. ئەوەی مایەی گاڵتەجاڕییە، کارمەندانی یاریگاکە پەنایان بۆ تەنەکەی خۆڵ بردووە و لەسەر مێزەکان دایانناون بۆ ئەوەی رێگری لە تەڕبوونی هۆڵەکە بکەن، ئەمەش نیشانەی لاوازیی ئامادەکارییەکانە.
😳💧 ¡Qué vergüenza!
Circula en redes un video que muestra la sala de prensa del Estadio BBVA con goteras, aunque no había lluvia, en plena visita de la delegación de Japón, rumbo Mundial 2026
🎥 RRSS#diariocambio #Puebla pic.twitter.com/LzLIKLdpOh
— Diario Cambio (@Diario_Cambio) March 1, 2026
تێکچوونی باری ئەمنی و ترس لای گەشتیاران
هەر بەپێی زانیارییەکانی دیاریۆ کامبیۆ، کێشەکە تەنیا لە یاریگاکاندا نییە، بەڵکو دۆخی ئەمنیی مەکسیکیش لە لێواری تەقینەوەدایە، دوای دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەی ماددەی هۆشبهر، شەپۆلێکی توندوتیژی شارەکانی پوێرتۆ ڤالارتا و گوادالاخارای گرتووەتەوە. سووتانی ئۆتۆمبێل و فرۆشگاکان بووەتە دیمەنێکی ڕۆژانە و ئەمەش ترسی لای هاندەرانی جیهان دروست کردووە کە بڕیاره له مۆندیال سهردانی بكهن.
سپۆنسەرەکان و خولە پەککەوتووەکان
جگهلهوهش هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە سعوودیە، کە سپۆنسەری سەرەکی فیفا و مۆندیالە، پەیامێکی مەترسیدارە. لە قەتەر و بهشیك له وڵاتانی كهنداو تەواوی یارییەکان ڕاگیراون، ئەمەش مەترسی لەسەر ئەنجامدانی یاری “فیناڵیزما(نێوان پاڵەوانی ئەورووپا و ئەمریکای باشوور) دروست کردووە کە بڕیار بوو 27ـی ئازار لەوێ بەڕێوەبچێت.
یاریزان و راهێنەرە گیرخواردووەکان
لە وڵاتانی بەحرێن، عومان و ئیمارات، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزان و راهێنەرە بیانییەکان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی گیریان خواردووە. میگێل ئانخێل باڵتاناس، ئەندامی دەستەی تەکنیکی یانەی مۆحەڕەقی بەحرێنی، دەڵێت: “زۆر ترساوین، کاتێک چووینە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا زەنگی مەترسی لێدرا و پێیان گوتین بگەڕێنەوە چونکە هێرشکراوەتە سەر باڵیۆزخانەکە.”
کۆسپەکانی کۆچی وڵاتانی بەشداربوو
نەک تەنیا ئێران، بەڵکو وڵاتی هایتیش کە دوای 52 ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ مۆندیال، ناوی لە لیستی ئەو 14 وڵاتەدایە کە بەپێی سیاسەتی کۆچبەریی ترەمپ، هاووڵاتییەکانیان بۆیان نییە بچنە ناو خاکی ئەمریکا. تاوهكو ئێستا دیار نییە ئایا لە کاتی مۆندیالدا هەوڵێکی تایبەت دەدرێت بۆ ئاسانکارییان یان نا.
رۆژنامە مەکسیکییەکە هۆشداری دەدات کە مەکسیک لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەختدایە، ئایا حکومەت دەتوانێت لە ماوەی کەمتر له 100 رۆژ هەم یاریگاکان نۆژەن بکاتەوە و هەمیش ئاسایشی شارەکان بپارێزێت؟ یان مۆندیالی 2026 دەبێتە مۆتەکەیەک بۆ وڵاتەکە؟



