
یاریگا –
گالیچ ئاپێزتێگویای ناوبژیوانی یارییەکەی ئێلچێ و ئیسپانیۆل، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆتۆکۆلی دژی رەگەزپەرستی یارییەکەی لە خولەکی 78 وەستاند.
“تۆ بە بەلەمێکی بچووکی کۆچبەری هاتوویتە ئێرە.” ئەو رستەیەیە کە ناوبژوانی یارییەکە بەفەرمی لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی و لەلایەن رافا میر بە عومەر هیلالی گوتراوە، ئەمەش وای لە ناوبژیوان کرد پڕۆتۆکۆڵی دژی رەگەزپەرستی کارا بکات لە کاتی یارییەکەی ئێلچێ و ئیسپانیۆل.
بەگوێرەی راپۆرتە فەرمییەکە، لە خولەکی 78 هیلالی بە ناوبژیوانی گوتووە کە رافا میر پێی گوتووە: “تۆ بە بەلەمێکی بچووکی کۆچبەری هاتوویتە ئێرە.” ناوبژیوانەکە تێبینی ئەوەی کردووە هیچ یەکێک لە ناوبژیوانەکان راستەوخۆ گوێبیستی قسەکە نەبوونە. لە ئەنجامدا پڕۆتۆکۆڵی دژی رەگەزپەرستی کارا کرد و یارییەکە بۆ 3 خولەک وەستا.

دیمەنە تەلەفیزیۆنییەکان نیشانی دەدەن کە رافا میر لەگەڵ عومەر هیلالی مشتومڕ دەکات، دوای ئەوە بەرگریکارەکەی ئیسپانیۆڵ راستەوخۆ دەچێتە لای ناوبژیوان و هەواڵی قسەکەی پێدەگەیەنێت. ناوبژیوان راستەوخۆ یارییەکەی وەستاند، قسەی لەگەڵ هەردوو راهێنەرەکە کرد و پەیامێک دژی رەگەزپەرستی لەنێو یاریگا بۆ هاندەران راگەیەنرا.
ئێستا لالیگا لەگەڵ بەدەست گەیشتنی راپۆرتی ناوبژیوان، پەڕاوێکی لێکۆڵینەوە دەکاتەوە، دامەزراوەکە شیکاریی بۆ گەواهی یاریزانان و راهێنەرەکان دەکات، لەگەڵیشیدا وێنە و تۆمارەکانی یارییەکە، تاوەکوو پێداچوونەوە بە رووداوەکەدا بکرێت. دوای پشکنینی سەرجەم بەڵگەکان، بڕیاری کۆتایی دەدرێت. ئەگەر سزای بەسەردا بسەپێنرێت دەکرێت لە پێبژاردنەوە دەستپێبکات تاوەکوو سزای زۆر قورستر.
مانۆلۆ گۆنزالێز، راهێنەری ئیسپانیۆل دوای یارییەکە قسەی بۆ میدیاکان کرد، ئەگەرچی دانی بەوەدا نا هێشتا بە وردەکارییەوە قسەی لەگەڵ یاریزانەکەی نەکردووە، بەڵام گوتی:
دەزانم کە سووکایەتییەکی رەگەزپەرستی بوو، عومەر هەرگیز پێشتر یاریی نەوەستاندووە، بۆیە باوەڕم وایە راستە. تەواو دڵنیا نیم چی روویداوە، بەڵام ئەوەندەی بزانم رافا میر شتێکی پێگوتووە. ناوبژیوان پێی گوتین کە پڕۆتۆکۆلی دژی رەگەزپەرستی جیبەجێ دەکات.
وەکوو چۆن رەگەزپەرستی دەبێت لە تۆپی پێ و کۆمەڵگا نەمێنێت، هەموو جۆرەکانی سووکایەتیکردنیش نابێت بمێنن. ئێمە سەرنج دەخەینەسەر رەگەزپەرستی کە زۆر گرنگە، بەڵام سووکایەتی زۆر لە تۆپی پێدا هەیە کە دەبێت لەناوببرێن، کە دۆخی زۆر ناخۆش دروست دەکەن.
لە بەرامبەردا، ئێدێر سارابیای راهێنەری ئێلچی قسە بۆ میدیاکان دەکات و دەڵێت بەلایەوە باشترە قسە نەکات تاوەکوو راستییەکان روون دەبنەوە، گوتیشی:
لەم کەیسانەدا دەبێت راشکاو بین. ئەگەر قسە بکەین بە دڵنیایی تەواوەوە قسە دەکەین، ئەگەرنا ئەوا تەنیا گریمانە دروست دەکەین. نامەوێت قسەی لەسەر بکەم چونکە زانیاریی روونمان نییە، کاتێک وردەکاریی زیاترم هەبوو، هیچ کێشەیەکم لەوەدا نابێت بۆچوونی خۆم بڵێم.
هەر سەبارەت بەو رووداوە، ئیدو ئێکسپۆزیتۆی ناوەڕاستکاری ئیسپانیۆڵیش دوای یارییەکە قسەی کرد: “ئێمە دژی ئەم جۆرە رەفتارەین و پاڵپشتی هاوتیمەکەمان دەکەین.”
ئیدو دەڵێت عومەر ئارامە بەڵام بەڵام لەژێر فشاردایە کە ئەم جۆرە رەفتارانە ناکرێت رێگەیان پێبدرێت. هەروەها ئاشکراشیکرد کە هیلالی تەنیا کەس نەبووە کە ئەو سووکایەتییەی بیستووە و دەڵێت: “ئەمە رەفتارێکی رەگەزپەرستانەیە و هاوتیمێکی دیکەش بەهەمان شێوە گوێی لێبووە.”
ئەگەرچی ئیدو راستەوخۆ ناوی یاریزانەکەی نەهێنا، بەڵام باوەڕ وایە کە ئەو یاریزانەی دیکەی ئیسپانیۆڵ کە گوێبیستی سووکایەتییەکە بووە، رەنگە یورکۆ گۆنزالێز بووبێت.



