مانچێستەر بەرگریکارێکی گرانبەها دەکاتە ئامانج

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد یەکێک لە گرانبەهاترین بەرگریکارەکانی پرێمەرلیگی کردووەتە ئامانج و دەیەوێت هاوینی داهاتوو بیباتە ریزەکانی.
پێکەی تیم تۆک بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر یونایتد بە وردی چاودێری مورییە دۆس سانتۆس، بەرگریکاری یانەی نۆتینگهام فۆڕێست دەکات و دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات.
بەرگریکارە بەڕازیلییەکە لەگەڵ نۆتینگهام فۆڕێست ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و سەرنجی گەورەکانی ئەوروپای بۆ خۆی راکێشاوە.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر شەیتانە سوورەکان بچنە ناو دانوستانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە، پێویستە 60 ملیۆن پاوەند بخەنە سەر مێزی گفتوگۆکان و نۆتینگهام بەو نرخە کەمتر دەستبەرداری نابێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، جیا لەو یاریزانە مانچێستەر چاوی لەسەر هەردوو ناوەڕاستکاری نۆتینگهام، ئیلیەت ئاندرسن و مۆرگان گیبس وایتە.
بەرگریکارە 23 ساڵانییەکە هاوینی 2023 بەبڕی 12 ملیۆن یۆرۆ لە کۆرینتیزنی بەڕازیلییەوە پەیوەندی بە نۆتینگهام کردووە، بەگوێرەی تڕانسفێر مارکێت بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 55 ملیۆن یۆرۆیە.
مورییە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 104 یاریی بۆ نۆتینگهام کردووە، 4 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵی دروستکردووە.



