جیهانراپۆرتی تایبەتگرنگترینمۆندیالی 2026

شۆڕشێکی نوێ لە تۆپی پێ؛ یاسای نوێ قبووڵکرا

Yariga App

یاریگا –

لیژنەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی تۆپی پێ IFAB رۆژی شەممە چەند پێشنیازێک لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەیدا قبووڵکرد کە لە وێڵز بەڕێوەچوو.

دەسەڵاتی ڤار بۆ لێدانی گۆشە و کارتی زەردی دووەم لەم هاوینە بۆ جامی جیهانیی 2026 زیاد دەکرێت. لێکۆڵینەوەی نوێ بۆ کەمکردنەوەی لەدەستدانی خێرایی و بەفیرۆدانی کاتیش بەهەمان شێوە زیاد دەکرێت. ئەمانە لەگەڵ هەژمارکردنی کات بۆ لێدانی گۆڵ، هەڵدانی و گۆڕانکارییەکانیش. گۆڕانکارییەکان لە 1ـی حووزەیران دەستپێدەکەن و لە وەرزی 2026-2027 جێبەجێ دەکرێن.

لیژنەکە بڕیاریشیداوە لە دانیشتنەکانی لەسەر ئەگەری گۆڕانکاری لە یاسای ئۆفساید بەردەوام بێت. هەروەها گفتوگۆ لەسەر چەند رێگایەک دەکەن بۆ رێگریکردن لە یاریزانەکان کە دەمیان داپۆشن کاتێک لە یارییەکان لەگەڵ بەرامبەرەکانیان مشتومڕ دەکەن.

ئەمەش دوای ئەو رووداوە دێت کە جیانلوکا پرێستیانی بە سووکایەتی رەگەزپەرستی بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر تۆمەتبار کرا، کاتێک دەمی بە درێسەکەی داپۆشیبوو. پرێستیانی تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە بەڵام بەشیوەیەکی کاتی لەلایەن یوێفاوە راگیراوە.

دامەزراوەکە دانیشتنیش رێک دەخات بۆ رێگریکردن لە “وەستانی تاکتیکی”، کاتێک گۆڵپارێزان لەنێو یاریگا چارەسەریان بۆ دەکرێت بەمەبەستی بەفیڕۆدانی کات.
پێشنیازی ئارسین ڤینگەری راهێنەری پێشووی ئارسیناڵیش بۆ گۆڕینی یاسای ئۆفساید لە کۆتاییدا لە پرێمەرلیگی کەنەدی تاقی دەکرێتەوە کە وەرزی نوێی لە مانگی نیسان دەستپێدەکات.

ڤاری زیاتر – خولەکان بژاردەیان هەیە

فیفا زۆر بە بەهێزی پاڵپشتی زیادکردنی دەسەڵاتی ڤار دەکات، تاوەکوو بەخێرایی هەڵە روونەکان راست بکرێنەوە. سەرەڕای ئەوەش، چەندین خول گوتوویانە ئەو گۆڕانکاریانەیان ناوێت کە دەکرێت ببێتە هۆی زیاتر دواخستنی یارییەکان. ئەمە بەتایبەت بۆ پێداچوونەوە بە لێدانی گۆشەکان راستە.

فیفا سووربوو لەسەر ئەوەی کە دەبێت لێدانی گۆشە لە جامی جیهانی پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، چونکە خولەکان دژی بوون و بژاردەی ئەوەیان دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر ئەم یاسایە بدەن. پێشبینی ناکرێت پرێمەرلیگ بەکاری بهێنێت، یوێفاش پێدەچێت دژی ئەم یاسایە بێت، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە سێریا ئەی ئەم یاسایە بەکاردەهێنێت.

پاڵپشتییەکی بەهێز هەبوو تاوەکوو رێگە بە ڤار بدرێت پێداچوونەوە بۆ کارتی زەردی دووەم بکات کە بە هەڵە دەدرێت بە یاریزانەکان. سەرەتای ئەم مانگە، پیێر کالولوی بەرگریکاری یوڤێنتوس دوای وەرگرتنی کارتی زەردی دووەم کرایە دەرەوە، کاتێک ئالیساندرۆ باستۆنی بە بەرکەوتنێکی زۆر بچووک کەوتە سەر زەوی. جیانلوکا رۆچیی سەرۆکی ناوبژیوانانی ئیتاڵیا داوای لێبووردنی کرد بۆ بڕیارێک کە بە ئاشکرا هەڵە بوو و نەکرا ڤار بۆ راستکردنەوەی بەکاربهێنرێت.

لە دوو وەرزی رابردوودا لە پرێمەرلیگ، لیژنەی پێداچوونەوە بە رووداوە گرنگەکانی یارییەکانی پرێمەرلیگ بۆیان دەرکەوت کە 17 یاریزان بە هەڵە کارتی زەردی دووەمیان پێدراوە و کراونەتە دەرەوەی یاریگا. ئەم وەرزە تاوەکوو ئێستا هیچ تۆمار نەکراوە.

لیژنەکە لە وەرزی 2025-2026 حەوت حاڵەتی دۆزیوەتەوە کە ناوبژیوان دەبوو کارتی زەردی دووەم بدات بە یاریزانەکان، بەڵام بەکاری نەهێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوە بەو حاڵەتە بۆ ڤار زیاد ناکرێت، چونکە دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کە پێداچوونەوە بۆ هەموو فاوڵێک بکرێت کە یاریزانێک ئەنجامی دەدات کاتێک کارتێکی زەردی هەیە.

لیژنەکە پێشنیازێکی دیکەشی قبووڵکردووە، ئەویش ئەوەیە کە ڤار دەتوانێت دەستوەردان بکات ئەگەر بە ئاشکرا کارتێکی زەرد بە تیمی هەڵە درا. بۆ نموونە ئەگەر یاریزانێک کارتی زەرد وەربگرێت بەرامبەر بەرکەوتنی تۆپ بەدەستی، بەڵام لە راستیدا تۆپەکە بەر دەستی یاریزانی تیمی بەرامبەر کەوتبێت، ئەوا ڤار دەستێوەردان دەکات و دەکرێت بڕیارەکە راست بکاتەوە.
هەژمارکردنی کات بۆ لێدانی گۆڵ، هەڵدانی لا و گۆڕانکارییەکان

چەند یاسایەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی کاتی بەفیڕۆچوو و کەمکردنەوەی خێرایی یاریی قبووڵکراون. دوای سەرکەوتنی یاسای 8 چرکە بۆ گۆڵپارێزەکان لەو کاتەی تۆپیان لەلایە، کات هەژمارکردن بەسەر ئەو یاریزانانەشدا جیبەجێ دەکرێت کە لێدانی گۆڵ و هەڵدانی لا جێبەجێ دەکەن. ئەگەر یاریزانێکی کاتی زۆری پێبچێت، مافی لێدانەکە دەچێت بۆ تیمەکەی دیکە. دەکریت لێدانی گۆڵ ببێتە لێدانی گۆشە و هەڵدانی لا بدرێت بە تیمی بەرامبەر.

دوای تاقیکردنەوەی سەرکەوتوو لە خولی ئەمریکی لە چەند وەرزی رابردوودا، دوو یاسای دیکە زیادکراون:

ئەو یاریزانەی گۆڕانکاری پێدەکرێت دەبێت لە ماوەی 10 چرکە یاریگا جێبهێڵێت، ئەگەر وانەکات یاریزانە نوێیەکە ناتوانێت راستەوخۆ بێتە یاریگاوە. تیمەکە دەبێت بە یاریزانێکی کەمترەوە بە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی 60 چرکە یاریی بکات و تاوەکوو جارێکی دیکە تۆپ دەچێتە دەرەوەی یاریگا و یاریی دەوەستێت.

ئەو یاریزانانەی کە بەهۆی پێکانەوە یاریگا جێدە‌هێڵن، بەهەمان شێوە دەبێت زیاتر لە دەرەوەی یاریگا بمێننەوە. لە یاسای ئێستای پرێمەرلیگ کاتەکە 30 چرکەیە، بەڵام ئەمە زیاد دەکرێت بۆ یەک خولەک.

فیفا یاسای دوو خولەکی لە خولی ئەمریکی و جامی عەرەب تاقیکردەوە، بەڵام خولەکان نیگەرانی ئەوەبوون کە کێشە دروست ببێت، وەکوو ئەوەی تیمێک گۆڵێکی لێبکرێت کاتێک بەبێ یاریزانێکی پێکراو یاریی دەکەن.

ئەم یاسایە جێبەجێ ناکرێت ئەگەر رکابەرەکە کارتی زەرد وەربگرێت یان بکرێتەدەرەوە، ئەگەر گۆڕانکارییەکە ئەنجامدرابێت یان یاریزانەکە لێدانی سزا جێبەجێ بکات. یاساکە بەسەر گۆڵپارێزەکاندا جێبەجێ ناکرێت. تاوەکوو ئێستا چارەسەری کۆتایی بۆ وەستانی تاکتیکی نەدۆزراوەتەوە.

لیژنەی تەکنیکی دامەزراوەکە بە وردەکارییەوە گفتوگۆی لەسەر بابەتەکە کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا رێککەوتن لەسەر باشترین چارەسەر نەکراوە. یەکێک لە بیرۆکەکان ئەوە بوو کە یاریزانێکی نێو یاریگا لەبری بخرێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە رەتکرایەوە چونکە رەنگە گۆڵپارێزێکی پێکراوە رەتی بکاتەوە چارەسەر وەربگرێت تاوەکوو زیان بە تیمەکەی نەگات.

لیژنەی دامەزراوەی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بڕیاریدا، بۆ خوێندنەوە لەسەر کێشەکە بەردەوامی بە دانیشتنەکان بدات و بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێت.
بواری نوێ بۆ کارتی سوور

گۆڕانکارییەکیش سەبارەت بە یاسای رێگڕیکردن لە دەرفەتێکی ئاشکرای گۆڵکردن هەیە (DOGSO). ئێستا بەرگریکار تەنیا کاتێک دەکرێتە دەرەوە ئەگەر ئەو یاریزانەی فاوڵی لەسەر گیراوە بە ئاشکرا نزیک بێت لە گۆڵکردن، بەڵام یاسا نوێیەکە بیر لە هاوتیمەکانی هێرشبەرەکەش دەکاتەوە.

وشەی “شوێن و ژمارەی هێرشبەرەکان” زیادکراوە. ئەمەش واتا لە کاتی هێرشی پێچەوانەی خێرا، تەنانەت ئەگەر ئەو یاریزانەی فاوڵی لەسەر گیراوە هەلێکی راستەوخۆی گۆڵکردنیشی نەبێت، دەکرێت هەر DOGSO بێت، ئەگەر دەرفەتی ئەوەی هەبووبێت پاس بدات بە هاوتیمێکی کە دەرفەتێکی ئاشکرای گۆڵکردنی هەبێت.

ئەگەر یاریزانێک DOGSO بەڵام ناوبژیوان لەپێناو بەرژەوەندی بەردەوامی بە یارییەکە درا و گۆڵکرا، ئەوا یاریزانەکە چیدیکە کارتی زەرد وەرناگرێت.

چەند پەرەسەندنێکی دیکەش هەن؛ ئەو یاسایەی کە تەنیا کاپتنی تیم دەتوانێت قسە لەگەڵ ناوبژیوان بکات بەفەرمی بۆ یاساکان زیادکراوە، هەروەها روونکردنەوەی دوو بەرکەوتن لە لێدانی سزا بەهەمان شێوە بۆ یاساکان زیادکراوە. یەکێکی دیکە لە یاساکان رێگە بە یاریزانەکان دەدات ئەو خشڵانە بەکاربهێنن کە ناتوانرێت لابدرێن.
بیرۆکەی یاسای ئۆفسایدی ڤینگەر تاقی دەکرێتەوە

دوای شەش ساڵ، لە کۆتاییدا پێشنیازی ئۆفسایدی ڤینگەر تاقی دەکرێتەوە. پێش کۆبوونەوەی IFAB لە مانگی رابردوو، وادیاربوو جارێکی دیکە بیرۆکەکە دوادەخرێتەوە، بەڵام پێشنیارکرا لە پرێمەرلیگی کەنەدی تاقی بکرێتەوە.

ئارسین ڤینگەر کە لەوەتەی 2019ـەوە سەرۆکی گەشەپێدانی جیهانیی تۆپی پێیە لە فیفا، پشینیار دەکات کە هێرشبەر تەنیا کاتێک پێویستە لە ئۆفساید بێت، ئەگەر بە هیچ شێوەیەک هیچ بۆشاییەک لەنێوانیان هێرشبەرەکە و دوایین بەرگریکار نەبێت.

رەخنەکان دەڵێن ئەم یاسای ئۆفسایدە سوودێکی زۆر بە هێرشبەرەکان دەگەیەنێت و زۆرتر لەبەرژەوەندی ئەوانە. ئەنجامەکانی دانیشتنەکە لە کۆتایی ساڵ پێشکەشی IFAB دەکرێت، ئەگەرێک هەیە کە یاساکە بۆ وەرزی 2027-2028ـی خولە ئەوروپییەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت.

سەرەڕای ئەمانەش، بە ئەگەری زۆرەوە IFAB دەیەوێت دانیشتنی فراوانی زیاتر بکات، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی کە پرێمەرلیگی کەنەدی ڤار بەکارناهێنێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button