سەرۆکی فیفا چارەنووسی مۆندیال لە مەکسیک یەکلایی دەکاتەوە
سەرۆکی مەکسیک و سەرۆکی فیفا گفتوگۆیان کردووە..

یاریگا –
کلاودیا شێینباوم، سەرۆکی مەکسیک رایگەیاند فیفا پێش دەسپێکی یارییەکانی جامی جیهانی 2026، پێداچوونەوە بە پلانەکانی پەیوەست بە ئاسایش و رێکخستنی یارییەکانی مۆندیال لە مەکسیک دەکات.
سەرۆکی مەکسیک هەفتەی رابردوو رایگەیاند هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو هاندەرانە نییە بۆ بینینی یارییەکانی مۆندیال گەشتی مەکسیک دەکەن، ئەمەش دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەو وڵاتە بەهۆی کوژارانی ئێل مێنچۆ، بازرگانی گەورەی ماددە هۆشبەرەکان.
شێینباوم بۆ رۆژنامەنووسانی مەکسیکی روونکردووەتەوە، قسەی لەگەڵ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردووە و ئەویش دڵنیای داوە کە یارییەکانی مۆندیال بەگوێرەی خشتەی پێشوو لەو وڵاتە بەڕێوەدەچن و گۆڕانکاری روونادات.
سەرۆکی مەکسیک ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرۆکی فیفا داوای کردووە جیا لە رێوشوێنی ئەمنی پێداچوونەوە بە کێشەی قەرەباڵەغی هاتووچۆ لە هەر سێ شاری مەکسیکۆ سیتی، مۆنتێری و گوادالاخارا بکرێت، بۆ دڵنیابوون لە جووڵەی ئاسانی هاندەران.
لێدوانەکانی سەرۆکی مەکسیک دوای رۆژێک دێت لە بڕیارە گەورەکەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی یارییە ئاوییەکان کە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆندیالی غەواسی راگەیاند، بڕیاربوو سەرەتای مانگی ئازار لە مەکسیک بەڕێوەبچێت.
جامی جیهانی 2026 لە 11ی حوزەیران تاوەکوو 19ی تەمموز لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.



