
یاریگا –
بارسێلۆنا لە ساڵانی دواییدا بەدەست قەیرانێکی دارایی گەورەوە ناڵاندوویەتی، کە کاریگەری کردووەتە سەر توانای یانەکە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانی نوێ و تۆمارکردنیان لە خولی ئیسپانی.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا یاساکانی یاریی دارای خاوێن بەسەر یانەكاندا دەسەپێنێت، کە ناچاریان دەكات بە سەقفێکی دیاریکراوی مووچەوە پابەند بن، ئەمەش یانە كەتەلۆنییەكەی رووبەڕووی سەختییەکی زۆر لە تۆمارکردنی گرێبەستە نوێیەکانیدا كردەوە، هەروەها ژمارەیەک لە یاریزانەکانیشی ناچار بوون مووچەکانیان بۆ هاوکاریکردن لە تێپەڕاندنی قەیرانەکە كەمبكەنەوە.
ئیدارەی یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵێکی زۆری بۆ کڕینی یاریزانی نوێدا و پەنای بۆ سیستەمی خواستن برد تاوەکو بارگرانییە داراییەکان لەسەر یانەكە كەمبكاتەوە و داواکاریی راهێنەرەکان جێبەجێبکات. هەروەها لاماسیا رۆڵێکی گرنگی گێڕا، دوای ئەوەی ژمارەیەک یاریزان سەرخرایە تیمی یەکەم کە درەوشانەوە و لە گەیاندنی یانەكە بە نازناوەکان بەشدارییانكرد.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رادیۆی كاتالونیا، بارسێلۆنا نزیکبووەتەوە لە گەڕانەوە بۆ یاسای 1:1 کە رێگای پێ دەدات گرێبەست لەگەڵ یاریزانێک بکات و تۆماریبکات لە بەرامبەر فرۆشتن یان رۆیشتنی یاریزانێکی دیکە.
بارسێلۆنا تەنیا پێویستی بە دابینکردنی 12 ملیۆن یۆرۆ هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر یاسای 1:1 و لە قەیرانی تۆمارکردنی یاریزانان و گواستنەوەی یاریزانی نوێ رزگاری بێت.
یاسای 1:1 چییە؟
بەگوێرەی یاسای 1:1 یانەکان لەبەرامبەر بەدەستهێنانی هەر یۆرۆیەک دەتوانن یۆرۆیەکی دیکە خەرج بکەن.
بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 61 خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لالیگای ئیسپانیای گرتووە.



