
یاریگا –
زاخۆ بەبێ ئامادەبوونی سێ یاریزانی سەرەکی میوانداری نەفت دەکات و راهێنەری تیپەکەش داوا لە هاندەران دەکات پشتگیری تیپەکە بکەن.
لە گەڕی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یەک شەممە ( 22ـی شووباتی 2026 ) زاخۆ کاتژمێر 9ـی شەو لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەفت دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییەش زاخۆ لە توانای حەمید عەلی و محەمەد عەلی عەبود بە هۆی پێکان بێبەش دەبێت، ئۆرینهۆی بەرگریکاری بەرازیلیش بە هۆی راگیرانیەوە بەشداری یارییەکە ناکات.
وێڕای ئامادەنەبوونی سێ یاریزانی سەرەکی تیپەکە، ئالیۆ ئادەم، بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە بەشداری دوایین مەشقی یانەکەی نەکردووە، راهێنەری زاخۆش رایگەیاند کە هێشتا شێرکۆ کەریم بە تەواوی چاکنە بۆتەوە لە پێکانەکەی.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاریی تیپەکەی بۆ یارییەکە گووتی:
بە هۆی یارییمان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو ئامادەکارییمان بۆ ئەم یارییە باش نەبووە، بەڵام لەسەر رێگایەکی درووستین و دەمانەوێت لە باشترین ئاستی خۆماندابین بەرامبەر نەفت، بۆ سەرکەوتن دەجەنگین لەم یارییەدا، بۆ ئەمەش پێویستی زۆرمان بە پشتگیری هاندەرانە، ئێمە بۆ سێ خاڵ یاریی دەکەین، وێڕای ئەوەی چەند یاریزانێکی سەرەکیشمان لە دەستداوە بۆ ئەم یارییە.
زاخۆ لە 18 یارییدا 30 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولەکە دێت، یاریی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی غەڕاف دەبێتەوە، نەفتیش بە 21 خاڵ لە ریزبەندی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



