
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی بەدەستهێنا و گەیشتەوە چوار گۆشەی زێڕینی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق.
لە دوا یاریی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای نەجەف بە ئەنجامی 2 _ 0 لە قاسمی بردەوە، راهێنەری هەولێر وێڕای سەرکەوتنیان و بە دەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە، باس لە قەیرانی دارایی تیپەکە دەکات و دەڵێت کێشەی دابین نەکردنی شایستە داراییەکان تاڕادەیەک دوو دڵمان دەکات وکاریگەری لەسەر ئێمە درووست دەکات.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر لە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە دەربارەی سەرکەوتنەکەیان و دۆخی تیپەکە رایگەیاند:
قاسم تیپێکی رێکخراوە، بەڵام دۆخێکی نەخوازراو لە نێو یانەکە درووست بووە و بەم ئەنجامانەی گەیاندووە، دۆخی دارایی هەولێر خراپە و لە داهاتوو کاریگەری لەسەر تیپەکەمان درووست دەکات، گێمی یەکەم بۆ هەردوو یانە زیاتر وەکو یەک بوو، بەڵام گێمی دووەم بە تەواوی کۆنتڕۆڵی یاریگامان کرد و دوو گۆڵیشمان لێ تۆمار کرد، هیوادارم بتوانین لە یارییەکانی داهاتووش بەردەوام بین لەسەرکەوتن و کێشە داراییەکانیشمان چارەسەر بکرێت.
بەم سەرکەوتنە هەولێر بە هۆی سەرکەوتنی قوەجەوییە بەرامبەر تەڵەبە جارێکی دیکە گەڕایەوە چوارگۆشەی زێڕینی خولەکە، هەولێر 37 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی چوارەم دێت، یاریی داهاتووش لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەڕووی دیالا دەبێتەوە.



