ئینگلتەرا

بێلێرین بەڵێنی داوە بۆ هەر بردنەوەیەکی ئارسیناڵ (سێ هەزار) دار بچێنێت

یاریگا- هیکتۆر بێلێرین لە هەڵمەتێکی ژینگەییدا بەشدارییەکی ناوازە دەکات و بەڵێنی داوە بۆ هەر بردنەوەیەکی ئارسیناڵ سێ هەزار دار بچێنێت.

یاریزانە ئیسپانییەکە لەگەڵ کۆمەڵەی One Tree Planted پەیوەندی کردووە و، لە پرۆژەیەکدا وەک بە هاناوەچوون و خەمخۆرییەک بۆ ژینگە بڕیاری داوە 3 هەزار دار بچێنێت.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، پرۆژەکە لە دارستانە باراناوییەکانی ئەمازۆندا دەست پێ دەکات. بەرپرسانی کۆمەڵەکەش ستایشی ڕۆڵی بێلێرینیان کرد وەک کەسایەتیەک لە نێو جیهانی وەرزشدا و ئومێدیان هەیە ڕەنگدانەوەی هەبێت.

بێلیرین لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ پێگەی فەرمی کۆمەڵەکە، باسی لەوە کرد کە ئاوێزانبوون و شەیدایی بۆ سروشت مێژووییەکی هەیە و هەر لە منداڵیەوە لە شاری بارسێلۆنا بە بەردەوامی هاوکاری باپیری کردووە لە خزمەتی گوڵ و ڕووەکەکاندا.

بە گوێرەی داتایەک کە لە دەیلی مەیڵ بڵاو کراوەتەوە، لە هەر کاتژمێرێکدا پتر لە 4,500 مەتری چوارگۆشە لە لە داری دارستانەکان دەبڕدرێتەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی گەورە لەسەر ژینگە و پێوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە جێ دەهێڵێت.

20ی ئەم مانگە یارییەکانی پریمەرلیگ دەست پێ دەکاتەوە. ئارسیناڵ 10 یاری ماوە و لە یەکەم یاریدا دوای زیاتر لە سێ مانگ پەککەوتن بە هۆی کۆرۆناوە، ڕووبەڕووی مان سیتی دەبنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button