یاریدەدەری راهێنەری سیروانی نوێ هۆکاری یەکەم شکست پێهێنانی هەندرێن ئاشکرا دەکات
هەندرێن تووشی یەکەم شکست بوو لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان

یاریگا –
هەندرێن تووشی یەکەم شکست هات لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، یاریدەدەری راهێنەری سیروانی نوێش هۆکاری سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر هەندرێن ئاشکرا دەکات.
لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 12ـی خولی نایابی کوردستان، هەندرێن دوای 15 گەڕ لە یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان تووشی یەکەم شکست هات، سیروانی نوێ لە یاریگای خۆی رووبەڕووی هەندرێن بوویەوە و یارییەکەشی بە ئەنجامی 2 _ 1 لە هەندرێنی پێشەنگ بردەوە.
بابان عەلی، یاریدەدەری راهێنەری سیروانی نوێ دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە هۆکاری سەرکەوتنەکەیانی باس کرد و نهێنی یەکەم شکستی هەندرێنیشی لە خولەکە درکاند:
ئەم وەرزە هەندرێن ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکات و 15 یارییە لە خولەکە شکستی نەهێناوە، سێ یاریی قۆناخی دووەم یاریزانەکانمان زۆر باش یارییان کردوە، هەوڵماندا دەرفەت زۆر بڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانین گورز لە هەندرێن بدەین و زوو گۆڵیان لێ تۆمار بکەین، چونکە پێشووتر کێشەی هەل لەدەستدانمان هەبوو، بەڵام کارمان کرد لەگەڵ یاریزانەکان هەم لەرووی دەروونیەوە هەم لە رووی مەشقەوە بۆ ئەوەی چیتر نەتوانین دەرفەتی زۆر لە دەست بدەین، سەرکەوتوو بووین لە پلانەکانمان و قۆناخی دووەم تیپێکی تەواو جیاوازین.
وێڕای شکستەکەیان هەندرێن بە 31 خاڵی لە پێشەنگی خولەکە مایەوە و گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی شێروانە، سیروانی نوێش بە 23 خاڵ هاتە ریزبەندی سێیەم و یاریی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر قەڵادزێ یاریی دەکات.



