
یاریگا –
دوای چەند رۆژێکی کەم لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە، هێور مستەفا وازی لە راهێنەرایەتی رانیە هێنا.
رانیە لە گەڕی 14ـی خولی نایابی کوردستان لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر دەربەندیخان یاریی دەکات، بۆ ئەم یارییە رانیە بەبێ راهێنەری سەرەکی تیپەکە گەشتی کردووە، تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی سۆران بابانی، راهێنەری تیپی ژێر 17 ساڵانی رانیە بۆ ئەم یارییە راهێنەرایەتی تیپی پێشکەوتووان دەکات.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی دارا محەمەد لە راهێنەرایەتی رانیە، کارگێڕی یانەکە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا هێور مستەفای وەک راهێنەری تیپەکە دەستنیشانکرد، بە هۆی ئەنجامە خراپەکانیان دەستەی کارگێڕی رانیە بڕیاریدا بە لێبڕینی مووچەی یاریزانەکان بە رێژەی سەدا 25، ئەمەش ناڕەزایەتی راهێنەرە نوێیەکەی لێ کەوتەوە و بڕیاریدا واز لە ئەرکەکەی بهێنێت بێ ئەوەی یەک یاریی سەرپەرشتی رانیە بکات.
ئەیمەن رەعد، هێرشبەری تیپەکە گەڕاوەتەوە و بۆ یارییەکەی دەربەندیخان ئامادە دەبێت، دوای تەواو بوونی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان، ئەیمەن ریزی رانیەی جێهێشت و گرێبەستی لەگەڵ بەلەدیەی موسڵ واژۆکرد، بەڵام لە چەند کاتژمێری رابردوو کارگێڕی رانیە ئەیمەن رەعدیان بە گەڕانەوە بۆ ریزی تیپەکە رازیکرد.
رانیە لە کۆی 13 یاریی لە خولی نایابی کوردستان 13 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەمی خولەکە دێت.



