
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەرامبەر ئەمانەى بەغدا یاریى دەکات، باسم قاسمى راهێنەرى تیپەکەش بەڵێنێک بە کارگێڕى هەولێر دەدات.
شەممە ( 31ـى کانوونى دووەمى 2026 ) لە گەرى 16ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، هەولێر کاتژمێر 3ـى ئێوارە لە یاریگاى کابتن شەرار حەیدەر لە بەغدا رووبەڕووى ئەمانەى بەغدا دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە هەولێر تواناى مامادۆ دیاراى فەرەنسى بەرگریکارى یۆ دەگەرێتەوە دواى چاکبوونەوەى لە پێکانەکەى، سەرجەم یاریزانەکانیش بۆ یارییەکە ئامادەن تەنها مستەفا قابیل نەبێت کە بە هۆى پێکانەوە ناتوانێ بەشدارى یارییەکە بکات.
باسم قاسم، راهێنەرى هەولێر لە کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى پێش یارییەکە باس لە ئامادەکاریى تیپەکەى کرد و بە ڵێنێکیشى بە دەستەى کارگێڕى یانەکەدا و گووتى:
سێ یاریى ڕابردوو ئەنجاممان وەک پێویست نەبووە بۆیە هەوڵدەدەین قەرەبووى بکەینەوە، چەند یاریزانێکمان لە دوو یاریى رابردوو دابڕابوون کە هۆکارى ئەنجامە خراپەکانى ئێمە بوون، دواى هێنانى پێنج یاریزانى پیشەگەر، هیوادارین بتوانین ئەنجامەکان راست بکەینەوە، ئەمانەى بەغداش تیپێکى باشە و ئاستێکى باش پێشکەش دەکەن، بەڵام بەڵێنمان بە دەستەى کارگێڕى داوە ئەنجامەکانمان باش دەکەین و تواناى کێبڕکێى خۆمان لە لووتکە دەپارێزین.
لە سێ یاریى رابردوو هەولێر سەرکەوتنى تۆمار نەکردووە، بە دوو شکست و یەکسان بوونێک لووتکەى یانەکانیشى لە بەرژەوەندى گەڕمە لە دەستدا، کوڕانى قەڵا و منارە بە 31 خاڵ لە ریزبەندى سێیەم دێن، ئەمانەى بەغداش بە 17 خاڵ لە ریزبەندى 15ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت.



