
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەى یاریگاى خۆى رووبەڕووى کەرخ دەبیێتەوە، حەفت یاریشە کەنارییەکانى بەغدا شکستیان نەهیناوە.
سێ شەممە ( 27ـى کانوونى دووەمى 2026) لە گەڕى 15ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، کاتژمێر 3ـى ئێوارە هەولێر لە یاریگاى کاپتن شەرار حەیدەر لە بەغدا بەرامبەر کەرخ یاریى دەکات، بۆ ئەم یارییە کریستیان بارکۆى ئەرژەنتینى و ئەدیدم ئیسیانى نایجیرى بۆ یارییەکە ئامادەن، لە هەمان کاتدا مستەفا قابیل بە هۆى پێکان و هاڕون زوبەیدى بە هۆى وەرگرتنى کارتى سوور لە یاریى رابردوو بۆ یارییەکە ئامادە نابن، گومان لە مامادۆ دیاراى فەڕەنسیش دەکرێت کە بە هۆى پێکانەوە یەشدارى یارییەکە بکات.
باسم قاسم: راهێنەرى هەولێر دەربارەى ئامادەکردنى تیپەکەى دواى دوو شکستى بە دواى یەک رایگەیاند:
پاڵە پەستۆى یارییەکانمان زۆر لەسەرە، هاتنى یاریزانە نوێیەکانیش لە کاتى خۆى نەبوو بۆیە لە دوو یاریى رابردوو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر ئاستى تیپەکە دروستکردبوو،ئامانجمان پاراستنى پێشەنگى یانەکانە و دەمانەوێ جارێکى دیکە یگەڕێینەوە سەرکەوتن.
هومام تاریق، ئەستێرەى هەولێر لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى پێش یارییەکە دەربارەى ئامادەکارییان گووتى:
دوو یاریى گرینگمان لە پێشە لە دەرەوەى یاریگاى خۆمان، کەرخ تیپێکى باشە و یاریزانى باشى هەیە، بۆیە پێویستە ئەوەى لە توانامانە پێشکەشى بکەین، سوپاسى هاندەرانمان دەکەین کە بەردەوام پاڵپشتى ئێمەن.
هەولێر 30 خاڵى هەیە و لە پێشەنگى خولەکە دێت، یاریى داهاتووش هەر لە بەغدا بەرامبەر ئەمانە یاریى دەکات، کەرخ حەفت یارییە شکستى نەهیناوە و بە 26 خاڵ لە ریزبەندى شەشەمى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت.



