
یاریگا –
خاڤیێر تێباس بەهۆی ئاشکراکردنی نهێنییەکانی بارسێلۆنا مەترسی دەرکرانی لەسەرە.
خاڤیێر تێباسی سەرۆکی لالیگا ڕەنگە رووبەڕووی گەورەترین کێشەی ساڵ ببێتەوە، لەگەڵ ئەگەری راگرتن یاخود دەرکردنی لە داهاتووییەکی نزیکدا. دادگای باڵای ئیسپانیا لە چەند رۆژی داهاتوو بڕیار دەدات ئاخۆ سەرۆکی لالیگا تاوانێکی بچووک، گەورە یاخود زۆر مەترسیداری ئەنجامداوە، دەکرێت هەر بە تاوانباریش هەژمار نەکرێت.
تێباس تۆمەتبارە بە کەیسی بڵاوکردنەوەی زانیاریی دارایی نهێنیی بارسێلۆنا، ئەم زانیارییە پەیوەستبووە بە فرۆشتنی شوینی تایبەتیی هاندەران لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو و کاریگەرییەکانی لەسەر سنووردارکردنی مووچەی ساڵانەی بارسێلۆنا.

لە 2ـی نیسانی 2025 لالیگا بڵاوکراوەیەکی لەبارەی وردەکاریی دارایی بارسێلۆنا بڵاوکردەوە، بلاوگرانا گوتی یانەکە رەزامەندی لەسەر بڵاوکردنی ئەم داتایە نەداوە و تێباسیان بە شکاندنی یاساکانی پاراستنی نهێنییەکان تۆمەتبار کردووە. دواتر لالیگا بڵاوکراوەکەی سڕیییەوە.
بارسێلۆنا بەردەوامی بە سکاڵاکەی نەدا، بەڵام میگێل گالان کە چالاکوانێکی یاسایی وەرزشییە، راپۆرتێکی لەسەر تێباس داوە بە دادگای باڵای وەرزشیی ئیسپانیا. گالان باوەڕی وایە تێباس سزادەدرێت و تەنیا گومانێک هەبێت ئەوەیە کە سزادانەکەی دوورخستنەوەیەکی کاتی دەبێت لە پۆستەکەی یاخود دەرکردنی تەواو.

گالان لە سکالاکەی ئاماژەی بەوەداوە کە لالیگا داتای ئابووریی نهێنی بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن خودی یاساکانی وەرزشیی ئیسپانیاوە پارێزراوە. ئەم یاسایانە ئاماژە بەوە دەدەن زانیارییە نهێنییەکان کە لەلایەن یانەکەوە پێشکەشکراون دەبێت بە نهێنی بمێننەوە.
پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوو، دادگای باڵای وەرزشیی ئیسپانی بڕیاری خۆی بدات، ئەگەرەکانی سزادانیش لە ئاگادارکردنەوەیەکەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی لالیگا.



