
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا دەچێتە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە رەنگە ئاڕاستەی داهاتووی دامەزراوەیی یانەکە دیاری بکات، ئەمەش دوای راگەیاندنی فەرمی وادەی هەڵبژاردنە نوێیەکانی سەرۆکایەتی یانەکە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوانییەکی زۆر لە نێوان ئەندامانی یانەکەدا هەیە و جوڵەی کەسایەتییە کاریگەرەکان لە ناوەوە و دەرەوەی یانەکە دەستی پێکردووە.
دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکان
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەکە، کۆتایی بە هەموو پێشبینییەکان هێنا و وادەی هەڵبژاردنەکانی پشتڕاستکردەوە. لاپۆرتا رایگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لەمساڵدا بەڕێوەدەچن، ئەمەش وەک نیشانەیەکی روونی متمانەی ئەو بە بەردەوامبوونی لە پۆستەکەی وهك سهرۆكی بارسێلۆنا
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، 15ـی ئاداری 2026 وەک وادەی هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە، لاپۆرتا جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەکە بە شەفافیەتێکی تەواو بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت رێژەیەکی زۆر لە ئەندامانی یانەکە بەشداربن.
هەوڵی لاپۆرتا بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە
سەرۆکی ئێستا بە فەرمی نیازی خۆی بۆ خۆپاڵاوتنەوە راگەیاند، دوای ئەوەی لە 2021 بۆ جاری دووەم گەڕایەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی. لاپۆرتا لە بانگەشەکەیدا پشت بە دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی کارگێڕییەکەی دەبەستێت، بەتایبەتی گەڕانەوەی شکۆی یانەکە لە خولە ناوخۆییەکاندا لە وەرزی رابردوودا.
جەنگی ئەفسانەکان و وەرگێڕانی مێزەکە
سەرەڕای متمانەی لاپۆرتا، دیمەنی هەڵبژاردنەکان ئەمجارە زۆر ئاڵۆزترە. ململانێیەکی توند چاوەڕوان دەکرێت، بەتایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە هەردوو ئەفسانەی یانەکە لیۆنێل مێسی و چاڤی هێرناندێز پشتگیری لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن، ئەم پشتگیرییە ئەگەر ڕاست بێت، دەتوانێت هاوسەنگی هێز بە تەواوی بگۆڕێت و پێگەی لاپۆرتا لەرزۆک بکات.
رکابەرە سەرەکییەکان
ڤیکتۆر فۆنت سەرمایەداری ناسراو جارێکی تر دەگەڕێتەوە ناو کێبڕکێکە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2021 بەرامبەر لاپۆرتا دۆڕا. فۆنت ئاستی بەڵێنەکانی بۆ هاندەران بەرزکردووەتەوە و گرنگترین بەڵێنیشی ئاسانکارییە بۆ گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسا.
هەروەها هەریەکە لە خابی ڤیلاخۆانا و مارک سێرا رایانگهیاندووه خۆیان بهربژێر دهكهن، هەرچەندە چانسی ئەمان کەمترە، بەڵام دەتوانن رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە رێگەی فشارخستنە سەر کارگێڕی ئێستا، بەتایبەت بە بەکارهێنانی دۆسیەی قەیرانی دارایی و شێوازی رۆیشتنی مێسی وەک کارتی فشار.
خوان لاپۆرتا بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکان لە مێژووی کارگێڕی بارسێلۆنا دادەنرێت (2003-2010 و 2021 تاوهكو ئێستا سهرۆكی یانهكهیه زۆر کەس بە بهربژێرێكی بەهێزی دەزانن، بەڵام هەموو شتێک بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت متمانەی هاندهران بهدهستبهێنێتهوه لە کاتێکدا ئەفسانەکانی یانەکە خەریکی داڕشتنەوەی نەخشەی هێزن.



