مانچێستەر یونایتد جێگرەوەی ماگوایەر دیاریدەکات
ئامانجی یانەکە بەرگریکارێکی لاوە

یاریگا –
هاری ماگوایەر پێدەنێتە دوایین مانگەکانی گرێبەستەکەی و یانەکەشی بەنیاز نییە ئۆفەری نوێکردنەوەی پێشکەشبکات، ئامادەن لە گواستنەوەی زستانەدا دەستبەرداری بن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فیچاخێس، شەیتانە سوورەکان دەیانەوێت بەرگریکارێکی گەنجتر، خێراتر و تاکتیکیتر لە بەرگریکارە ئینگلیزییەکە بگوازنەوە، تاوەکو هێڵی بەرگرییەکەیان نوێبکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی مورییە دۆس سانتۆس، بەرگریکاری یانەی نۆتینگهام فۆرێست دەستپێکردووە، لەو پێناوەدا یانەکە ئامادەیە 70 ملیۆن پاوەند خەرجبکات.
مورییەی بەڕازیلی، تەمەن 23 ساڵ، ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز لەگەڵ نۆتینگهام پێشکەشدەکات، ئەمەش بەهای یاریزانەکەی لە بازاڕی گواستنەوەدا بەرزکردووەتەوە و یانەکەی لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی داوای پارەیەکی زۆر دەکات.

لای خۆیشییەوە یاریزانەکە ئارەزووی یاریکردن بۆ یەکێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا دەکات و دەیەوێت لە پاڵەوانێتییە گەورەکان بەشداریی بکات.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، بەرپرسانی مان یونایتد ئەم گواستنەوەیە دەبێتە هۆی هەنگاوێکی گەورە بۆ بنیاتنانەوەی هێڵی بەرگریی یانەکە و بەشێکە لە پلانێکی درێژخایەن بۆ گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ سەرکەوتن لە پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و ئەوروپییەکاندا.



