چێڵسی بەدوای بەرگریکارێکی سوپەردا دەگەڕێت
چەند یاریزانێک لەژێر چاودێرین

یاریگا –
یانەی چێڵسی هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی دڵێکی بەرگری چڕکردووەتەوە و دەیەوێت لەم مانگەدا بیگوازێتەوە.
هەرچەندە راپۆرتە میدیاییەکان باسیان لەوە دەکرد کە دوای پێکانی لێڤی کۆڵویڵ، داوایکردووە بەرگریکارێکی بۆ بگوازنەوە، لەوبارەیەوە رۆژنامەی دەیلی مەیل زانیویەتی یانەکە لە هاوینی رابردووەوە بە شوێن بەرگریکارێکدا گەڕاوە و یەکێک لە ئامانجەکان دین هاوسن بووە، بەڵام ریال مەدرید یاریزانەکەی لە چێڵسی رفاند.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، یانەی چێڵسی ئێستا چەند ئامانجێکی نوێی دیاریکردووە، ئەوانیش بریتین لە جێرێمی جاسکوێ، تەمەن 20 ساڵ لە یانەی رێنی فەڕەنسیی، هاکۆبۆ رامۆن، تەمەن 20 ساڵ لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی و مارکۆس سێنێسی، تەمەن 28 ساڵ لە یانەی بۆرنمس.

بەپێی هەمان سەرچاوەکە یانەکە بڕیاریداوە هەر گرێبەستێک لە هێڵی بەرگریدا بکات، دەبێت تەواوکەری لێڤی کۆڵویڵ بێت چونکە بەرگریکارەکە یەکێکە لە پلانە مەودا درێژەکان و یاریزانێکی گرنگی یانەکەیە.

لەکۆتاییدا سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، یانەکە گواستنەوەی دڵێکی بەرگری لە پێشینەوەی کارەکانیەتی، لە لایەکی دیکەوە یانەکە هەوڵ بۆ هێنانی ناوەڕاستکار و هێرشبەرێک دەدات.




