مانچێستەر یونایتد چاکسازی لە هێڵی ناوەڕاستدا دەکات
چەند یاریزانێک دەگوازێتەوە

یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد، کارلۆس بالیبا، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بڕایتنی بە ئامانج گرتووە و دەیەوێت لە مێرکاتۆی هاوینەدا تواناکانی بەدەستبهێنێت.
رۆژنامەی سەن، ئاشکرایکردووە کە مانچێستەر یونایتد لە گواستنەوەی زستانەدا بەنیاز نییە هیچ یاریزانێک بگوازێتەوە، بەم پێکهاتەیەی ئێستا لەژێر سەرپەرشتی مایکڵ کارێک، راهێنەری کاتی یانەکە، ئەم وەرزە تەواو دەکات و سەرنجی لەسەر ئەوەیە لە گواستنەوەی هاوینەدا چاکسازییەکی گەورە لە هێڵی ناوەڕاستدا بکات.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، شەیتانە سوورەکان کارلۆس بالیبا وەک بژاردەی سەرەکی هێڵی ناوەڕاست دەبینن و لە هاوینی رابردووەوە بووەتە جێی سەرنجی یانەکە، کارگێڕیی شەیتانە سوورەکان پێیانوایە دەتوانن گرێبەستی لەگەڵدا بکەن هەرچەندە یاریزانەکە تاوەکو 2028 لەگەڵ بڕایتن درێژەی هەیە.

رۆژنامەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە ناوەڕاستکارە کامیرۆنییەکە تاکە ئامانجی مان یونایتد نییە و یانەکە دەیەوێت لە ناوەڕاستکارێک زیاتر بگوازێتەوە.
بۆ ئەو مەبەستە، چەند یاریزانێک لەسەر مێزی گفتوگۆی بەرپرسانی یانەکەن، لەوانە؛ ئیلیۆت ئاندێرسن، یاریزانی یانەی نۆتینگهام فۆرێست، ئادەم وارتن لە یانەی کریستاڵ پاڵاس و ئالێکس سکۆت لە بۆرنمس.



