
یاریگا –
دواى زنجیرەیەک ئەنجامى باش، نەورۆز جارێکى دیکە شکستى هێنایەوە و راهێنەرى تیپەکەش داواى لێبوردن لە هاندەرانى تیپەکەى دەکات.
نەورۆز لە یاریگاى خۆى لە گەڕى 12ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق بەرامبەر تەڵەبە بە ئەنجامى 1 – 0 شکستى هێنا، بۆ یەکەمجار هەریەک لە نیتۆى هێرشبەرى بەڕازیلى و جۆشوا ئەکپۆجى نایجیرى و محەمەد حایکى لوبنانى، دواى گرێبەستیان لەگەڵ نەورۆز بەشداریى یارییەکەیان کرد، یەکەم شکستى نەورۆز بوو دواى بەدەستهێنانى دوو سەرکەوتنى بە دواى یەک.
وەلى کەریم، دەربارەى شکستەکەیان لە نێو یاریگاى خۆیان لە دواى کۆتایى هاتنى یارییەکە گووتى:
پیرۆزبایى لە یانەى تەڵەبە دەکەم، داواى لێبوردن لە هاندەرانى نەورۆز دەکەم هەوڵدەدەین قەرەبووى بکەینەوە، شایەنى شکست نەبووین بەلایەنى کەم دەبوو یەکسان باین چونکە هەلى باشمان هەبوو بۆ گۆڵ تۆمارکردن، چەند یاریزانێکى دیکەمان هێناوە بۆ تیپەکە بەڵام وەرگرتنى ڤیزا بۆتە کێشە لەبەردەم هاتنى یاریزانەکان.
بەم شکستە نەورۆز گەڕایەوە ریزبەندى 17ـى خولەکە بە 10 خاڵ و یاریى داهاتووش لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەرامبەر قاسم یاریى دەکات، تەڵەبە بە 23 خاڵ لە ریزبەندى پێنجەمى خولى ئەىستێرەکانى عێڕاق دێت.



