
یاریگا –
زاخۆ لە دواى سێ یەکسان بوون و شکستێک، جارێکى دیکە گەڕایەوە رێچکەى سەرکەوتن و راهێنەرى تیپەکەش سوپاسى یاریزانەکانى دەکات بۆ ئەو ئاستەى پێشکەشیان کرد.
لە گەڕى 12ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، زاخۆ لە دەرەوەى یاریگاى خۆى سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەستهێنا و بە ئەنجامى 3 – 0 لە کارەباى بردەوە، سەرکەوتنەکەى زاخۆ لە کاتێکدا بوو کە تیپەکە چوار یاریى بوو سەرکەوتنى بە دەست نەهێنا بوو، بۆ یەکەمجاریش هەریەک لە یاریزانان ئاسۆ رۆستەم و شبر على و ماتیۆس لۆکاسى بەرازیلى وەک یاریزانى نوێى زاخۆ بەشداریان لە یارییەکە کرد.
ویسام رزق، راهێنەرى زاخۆ دواى یارییەکە باسى گرینگى سەرکەوتنەکەى کرد گووتى:
وێڕاى بەهێزى کارەبا بەڵام سەرکەوتنێکى گرینگمان بەدەستهینا، سوپاسى یاریزانەکانم دەکەم بۆ ئەو ئاستە باشەى پێشکەشیان کرد لە نێو یاریگا، لە چەند رۆژى داهاتوو یارییەکى گرینگترمان هەیە، پێویستە بەردەوام بین لە سەرکەوتن بۆ ئەوەى بچینە ریزیەندى پێشەوە لە خولى ئەستێرەکانى عێڕاق.
هەرچەندە زاخۆ سێ خاڵى یارییەکەى بە دەستهینا، بەڵام هیچ خانەیەک لە ریزبەندى نەچووە پێش و بە 19 خاڵ لە ریزبەندى نۆیەم مایەوە، گەڕى داهاتووش لە دەرەوەى یاریگاى خۆى بەرامبەر نەفتى میسان یاریى دەکات.



