Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید لە کلاسیکۆ یەکێک لە خراپترین ریکۆردەکانی تۆمارکرد

رووداوێکی دەگمەنە لەنێو یانەکە

Yariga App

یاریگا –

یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو لە جامی سوپەری ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی بارسیلۆنا بوویەوە و 3-2 یارییەکەی پێ دۆڕاند.

سەرەڕای دۆڕانی یارییەکە و لەدەستدانی جامەکە بە رکابەرە سەرسەخت و مێژووییەکەیان، یانەی شاهانە ریکۆردێکی خراپیشی تۆمارکرد.

ریال مەدرید لەو یارییە کەمترین رێژەی تۆپی لابوو، بە جۆرێک تەنها %32ـی کۆنتڕۆڵی تۆپ لای یاریزانانی یانە سپیپۆشەکە بوو.

بەگوێرەی ماڵپەڕی BESOCCER، شەوی رابردوو ریال مەدرید خراپترین ریکۆردی پاسدانیان تۆمارکرد، کە لە وەرزی 2015 – 16ـەوە رووداوی وا لە یانەکە رووینەداوە.

کوڕانی ئاڵۆنسۆ لەو یارییە تەنها 254 هەوڵی پاسدانیان هەبووە، لەو ژمارەیەش تەنها 204 پاسیان دروست بوون.

هەروەها تەنها چوار یاریزان رێژەی پاسەکانیان لە 20 پاس زیاتر بوو، ئەوانیش هەریەک لە؛ ئالڤارۆ کارێراس (23) پاس، دین هاوسن (21) پاس، ئۆرێلیەن چوامینی (21) پاس و جود بێلینگهامیش (20) پاس، لەکاتێکدا ناوەڕاستکارەکانی دیکە، فێدریکۆ ڤاڵڤێردی و ئێدواردۆ کاماڤینگا کەمتر لە (10) پاسیان هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، یاریزانانی قەڵای سپی کەمترین پاسیان بۆ ناوچە مەترسیدارەکانی یاریگا ناردووە و تەنها (64) پاسیان لە نیوەیاریگای بلوگرانادا ئاڵوگۆڕ کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، هێڵی ناوەڕاستی لۆس بلانکۆس کەمتر پاسیان بۆ هێڵی هێرشبەری یانەکە رەوانە کردووە و نەیانتوانیوە دەرفەت بۆ هێرشبەرەکانیان بڕەخسێنن، بە جۆرێک کە کۆرتوا زۆرترین تۆپی ئاڕاستەی هێڵی پێشەوە کردووە بە (10) تۆپ، کارێراس (5) تۆپ، هەریەک لە چوامینی و رۆدریگۆ (3) تۆپیان هەبووە.

لە بەرامبەردا، ناوەڕاستکارانی بارسێلۆنا، فرێنکی دی یۆنگ (79) و پێدری (76) پاسیان بە هاوڕێکیان داوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button