
یاریگا –
پێنج ناو لەسەر مێزی گفتووگۆی بەرپرسانی مانچێستەر یونایتدن تاوەکو یەکێکیان وەک راهێنەری وەرزی داهاتووی یانەکە دەستنیشانبکەن.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی the Daily Briefing، ئێستا بەهێزترین پاڵێوراو ئۆلیڤێی گلاسنەر، راهینەری کریستاڵ پاڵاسە.
بەرپرسانی شەیتانە سوورەکان زۆر سەرسامی کارەکانی گلاسنەرن لە کریستاڵ پاڵاس و راهێنەرە نەمساییەکە وەک بەهێزترین پاڵێوراو بۆ شوێنگرتنەوەی پۆستەکەی رۆبن ئامۆریم تەماشادەکرێت، بەڵام سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە یانەکە پەلەناکات و رەنگە بەدوای راهێنەری ناودارتر و گەورەتردا بگەڕێن.
تۆماس تۆخێل، یەکێکی دیکەیە لەو راهێنەرانە گەورانەی لەلایەن بەرپرسانی یانە سوورپۆشەکەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام دۆخی کەمیک ئاڵۆزە، چونکە ئێستا تۆخێل راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگڵتەڕایەوە و مۆندیالی 2026ـی لەبەردەمدایە.
هەروەها ئێنزۆ مارێسکا، راهێنەری پێشووی چێڵسی وەک یەکێک لە پاڵێوراوەکانی بوون بە راهێنەری مانچێستەر دادەنرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سەرەڕای پێشبینییەکان، ئێستا لویس ئینریکی، راهێنەری پاریس سان جێرمان یەکێک نییە لە بژاردەکانی بەردەم کارگێڕیی مان یونایتد، سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێت لە هاوینی ئەمساڵدا یانە فەڕەنسییەکە بەجێبهێڵێت.
ئێستا مانچێستەر بەدوای راهێنەرێکی کاتیدا دەگەڕێت تاوەکو کۆتایی وەرز ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی پێبسپێرێت، بەهێزترین پاڵێوراویش ئۆلی گونەر سۆڵشایەر، راهێنەری پێشووی یانەکەیە.



