
یاریگا –
تادێت دەنگۆکانی رۆیشتنی بڕۆنۆ فێرناندێز، کاپتنی شەیتانە سوورەکان بەهێزتر دەبن و نیگەرانییەکانی نێو یانەکەش زیاتر دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی سەن ـی بەریتانی، چەند یاریزانێکی مانچێستەر یونایتد پێیانوایە کاپتنەکەیان لەدوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2026 ماڵئاوایی لە ئۆڵدترافۆرد دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان بڕۆنۆ و مان یونایتد لە هاوینی رابردووە تێکچووە، پێشتر ناوەڕاستکارە پۆرتووگالییە رایگەیاندبوو کە هەستی بە نائومێدی کردووە کاتیک زانیویەتی یانەکەی بیری لەوە کردووەتەوە بە یەکێک لە یانەکانی خولی سعوودی بیفرۆشێت.
هاوینی رابردوو رۆبن ئامۆریم، راهێنەری پێشووی یانەکە، یاریزانە 31 ساڵانەکەی قایلکرد لە مان یونایتد بمێنێتەوە، ئێستا کە راهێنەرە پۆرتووگالییەکە دەرکراوە بێهیوایی زیاتر لای یاریزانەکە دروستدەکات و ئەگەرەکانی رۆیشتنی زیاتر دەکات.

بڕۆنۆ لە ساڵی 2020 لە یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پۆرتووگالییەوە پەیوەندی بە شەیتانە سوورەکان کرد و بەردەوام یەکێک بووە لە یاریزانە گرنگ و ئاست جێگیرەکانی یانەکە و لە هەموو بارودۆخێکدا هاوکارێکی باش و کاپتنێکی لێهاتوو بووە بۆ یانەکەی و بە باشترین گرێبەستی مان یونایتد دادەنرێت لەدوای رۆیشتنی سێر ئەلێکس فێرگسنەوە.
فێرناندێز لەگەڵ یونایتد بەشداریی لە 309 یاری کردووە، لەو ژمارە یارییەدا 103 گۆڵی کردووە و 94 ئەسیستی دروستکردووە، هەر بۆیە رۆیشتنی گورزیکی گەورە لە شەیتانە سوورەکان.



