
یاریگا –
هەولێر پێشەنگى خولى ئەستێرەکانى عێڕاقى بە هێزترکرد و راهێنەرى تیپەکەش باسى هێنانى یاریزانى نوێ دەکات بۆ ریزى تیپەکە.
لە گەڕى ١١ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، هەولێر لە یاریگاى دهۆک بە ئەنجامى 2 – 0 لە مووسڵى بردەوە، سەرکەوتنێکى گرینگ بوو بۆ هەولێر تایبەت دواى یەکسان بوونى لە یاریى رابردوو بەرامبەر جەوییە و پاڵنەرێکى بەهێزیش بوو بۆ یاریى داهاتوو بەرامبەر دهۆک.
باسم قاسم، راهێنەرى هەولیر دواى یارییەکە باسى لە گرینگى سەرکەوتنەکە کرد و دەشڵیت پێویستمان بە یاریزانى نوێ هەیە بۆ ریزى تیپەکە:
یارییەکە بە دەر نەبوو لە قورسى چونکە یانەکان دەناڵێنین بە هۆى زۆرى یارییەکان، لە یارییەکى بەهێزەوە هاتبووین کە بەرامبەر جەوییە بوو دواتر رێگایەکى باشمان بڕى، مووسڵیش تیپێکى باشە و وامان کرد ئاستێکى باش پێشکەش بکەین، ئەم سەرکەوتنە نابێ ئەوەمان لە بیر بباتەوە کە پێویستمان بە یاریزانى نوێ هەیە و لە چەند رۆژى داهاتوو چەند گرێبەستێک رادەگەیەنین، پێشەنگمان بەهێزتر کرد و ئامادەین بۆ یاریى کلاسیکۆ بەرامبەر دهۆک.
هەولێر بەم سەرکەوتنە خاڵەکانى گەیاندە ٢٧ خاڵ و پێشەنگى خولەکەى بەهێزتر کرد، گەڕى داهاتووش لە یاریگاى فڕانسۆ هەریرى لە کلاسیکۆى کوردستان میواندارى دهۆک دەکات، مووسڵیش بە ١٢ خاڵ لە ریزبەندى ١٥ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق مایەوە.



