کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆشکێک بۆ ژیانی دوای وازهێنانی لە یاریکردن دروستدەکات
کارەکانی دروستکردنی کۆتایی هاتووە

یاریگا –
رۆناڵدۆ ئامادەکاریی بۆ ژیانی دوای وازهێنانی یەکجاریی لە تۆپی پێ دەکات، بۆ ئەو مەبەستە کۆشکێکی بە بەهای 30 ملیۆن پاوەند دروستکردووە، کە 30 میل لە لیشبۆن’ـی پایتەختی پۆرتووگال دوورە و ماوەی سێ ساڵە لە قۆناغی دروستکردنیدایە و ئێستا کارەکانی کۆتایی هاتووە.
کۆشکەکە هەشت ژووری زۆر گەورە لەخۆدەگرێت، مەلەوانگەی فراوانی لە ناوەوە و دەرەوەی کۆشکەکە تێدایە، لەگەڵ رێڕەوێکی درێژی ژێرئاو، گەراجێکی یەکجار گەورە بۆ ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانی ئەستێرە پۆرتووگالییەکە تەرخانکراوە، هەروەها سینەما و هۆڵی وەرزشی تێدایە، کریس منداڵەکانیشی لەیادنەکردووە و گۆڕەپانێکی تایبەتی یاریکردنی بۆ دروستکردوون.
جیا لە هەموو ئەمانە، رووبەڕێکی دەکەوێتە سەر دەریا و کەنار دەریایەکی فراوانی بە کۆشکەکە بەخشیوە.
یەکێکە لە گرانبەهاترین و گەورەترین کۆشکەکانی وڵاتەکەیە و سیستەمی گەرمکەرەوەی زیرەکی تێدا دانراوە،
بەردی مەمەڕی ئیتاڵی تێدا بەکارهاتووە و نەخشونیگاری تایبەت بۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینای هاوسەری تێدا دروستکراوە، هەروەها شێرەی ئاوەکانیش لە زێڕ دروسترکراون.
رۆناڵدۆ تەنانەت هەوڵیداوە یاریگای گۆڵفیش لەتەنیشت خانووەکەی بکڕێت، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.

کوڕەکەی مادێرا ئێستا بۆ یانەی نەسڕی سعوودی یاریی دەکات، خاوەن سەرمایەکی زۆر و چەندین موڵکی دیکەیە لە مەدرید، تۆرین، نیویۆڕک، مادێرا و لە سعوودیەش دوورگەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە.
رۆناڵدۆ سەرەتا بە هەژاری لە خانووێکی بچووک لە مادێرا گەورە بوو، زۆرجار بە پێی پەتی یاریی دەکرد،
بەڵام ئێستا بووە بە یەکێک لە هەر دەوڵەمەندەکانی جیهان و سامانەکەی بە 1.4 ملیار پاوەند دەخەمڵێندرێت.



