بیر لە وازهێنان دەکاتەوە؛ باوکی نێیمار چەند نهێنییەک سەبارەت بە کوڕەکەی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
باوکی نێیمار لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی یوتیوبی Rafa Tecla T، رایگەیاندووە کە کوڕەکەی لەدەست پێکانە بەردەوامەکانی بێزاربووە و نزیکە لەوەی کۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی بهێنێت.
بەپێی گوتەکانی باوکی، ئەستێرەکەی پێشووی بارسا و پاریس، بەردەوام بەدەست پێکانی ئەژنۆ دەناڵێنێت
و هەر ئەوەش هۆکاری کۆتاییهێنانی گرێبەستەکەی بوو لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی.
هێرشبەرە بەڕازیلییەکە ئێستا تەمەنی 33 ساڵە، چەندین پێکان بەرۆکی گرتووە و چەند جارێک نەشتەرگەری بۆ کراوە.
باوکی ئاماژەی بەوەش داوە، نێیمار تەنانەت پێی گوتووە کە دەیەوێت وازبهێنێت، بەڵام یاریزانەکە زۆری لە خۆی کردووە بەردەوام بێت، چونکە حەزدەکات یارمەتی یانەی سانتۆس بدات و بۆ مۆندیالی 2026 بتوانێت ئامادەبێت یاریی بۆ بەڕازیل بکات.
بەشێکی دیکە لە لێدوانەکانی باوکی نێیمار:
ئەو لە یاریگادا هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ و زۆر حەزی بە رکابەرییە
بۆیە تاکە رێگا بۆ پاراستنی ئەوەیە نەهێڵین یاریی بکات
کاتێک خەڵک دەڵێن نێیماڕ ئەمساڵیش یاریی ناکات، ئەوە دۆخی دەروونی کوڕەکەم تێکدەدات.
نێیماڕ تەواو ماندووببوو و نزیک بوو لە وازهێنان،
گومانی هەبوو تۆپی پێ شایەنی ئەوە بێت ئەو هەموو نەشتەرگەرییە لەپێناویدا بکات.



