
- یاریگا –
بارسێلۆنا دەستپێکی ساڵی 2026ی بەباشترین شێوە دەستپێکرد و لە دێربی کاتالۆنیادا بەرامبەر ئیسپانیۆل بە ئەنجامی 2-0 یارییەکەی بردەوە و پارێزگاری لە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ ریال مەدرید کرد.
خوان گارسیا کە باشترین ئاستی لە یارییەکەدا پێشکەش کرد، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشا و بەر لە دەستپێکی یارییەکەش بێگومان هەموو چاوەکان لەسەر ئەو بوون.
گۆڵپارێزەکە بە درێژایی یارییەکە لە لایەن هاندەرانی یانەی پێشوویەوە، رووبەڕووی هێرشێکی زۆر و سووکایەتی بووەوە. لە میانەی یارییەکەدا، هاندەران بوکەڵەی مشکیان کە رەنگی بلاوگرانایان لەبەردا بوو لەگەڵ پارەی ساختە کە وێنەی گۆڵپارێزەکەی لەسەربوو، فڕێدایە ناو یاریگا بە تایبەتی لە خولەکی 13دا بەیەک دەنگ گاڵتەیان بە ژمارەی درێسەکەیەوە کرد.
سەرەڕای رەخنە توندەکان، گۆڵپارێزەکە ئارام بوو و بە سەیڤەکانی وەڵامی سوکایەتییەکانی دایەوە و توانی تۆڕی گۆڵەکەی بە خاوێنی بهێڵێتەوە.
پرۆتۆکۆڵی توندی ئەمنی بۆ خوان گارسیا
رۆژنامەی سپۆرت ئاشکرایکردووە، هەردوو یانەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان یارییەکەیان بە یارییەکی “مەترسیدار” زانیوە، ئاگاداری ئەو هەڕەشە تایبەتانە بوون کە لە سۆشیال میدیا پێش یارییەکە لە گۆڵپارێزەکە دەکران.
ئیسپانیۆل لە ترسی قەرەبالخی یاریگاکە، تۆڕی پارێزەری لە پشت هەردوو گۆڵەکەوە دانا بۆ ئەوەی لەکاتی فڕیدانی هەر کەلووپەلێک گۆڵپارێزەکە بە سەلامەتی بمێنێتەوە، هەرچەندە دوای گۆڵی دووەمی بارسا هەڵدانی بوتڵی پلاستیکی دەستی پێکرد.
ستراتیژی ئەمنی لە دەرەوەی یاریگا درێژ بووەوە. هێزێکی زۆری پۆلیس لەدەوری یاریگاکە کۆبوونەوە و هاتن و چوونی پاسەکانی تیمەکان بە وردی پلانی بۆ دانرا.
لە کاتێکدا پاسی یاریزانانی ئیسپانیۆل بە گووڵ و یاری ئاگرین پێشوازی لێکرا، پاسی بارسێلۆنا بە دەروازەیەکی تەواو جیاواز و سەلامەتدا تێپەڕی بۆ ئەوەی لە هەموو پێکدادانێک لەگەڵ هاندەرانی خاوەن یاریگا دوور بکەونەوە.
جگە لەوەش تیمی ئاسایشی تایبەتی بارسێلۆنا لە ئامادەباشی تەواودا بوو. لە کاتی خۆ گەرمکردنی یاریزانەکاندا، پاسەوانەکان چاودێرییەکی وردیان لەسەر گارسیا دەکرد بۆ ئەوەی لە سەلامەتی گۆڵپارێزەکە دڵنیابن.
لە کاتێکدا گارسیا بە سەیڤەکانی هاندەرانی ئیسپانیۆلی دوو ئەوەندە تووڕەتر کردبوو، بەڵام رێوشوێنە خۆپارێزییەکان سەرکەوتووبوون و هیچ رووداوێکی جەستەیی رووینەدا.



