
یاریگا –
هێرشبەرە سێنیگالیەکەی دهۆک پێش یارییەکەی ئەمانەی بەغدا،پەیامێک ئاڕاستەی هاندەرانی یانەکەی دەکات و دەڵێت پێویستە بڕوا و باوەڕتان بە تواناکانی ئێمە هەبێت.
لە گەڕی 10ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە یاریگای خۆی کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە رووبەڕووی ئەمانەی بەغدا دەبێتەوە، هەر دوو یانە لە دوو یاریی رابردوو سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، دهۆک توانای یانیک زاکیری، ئەستێرەی تیپەکەی بۆ دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بە هۆی پێکانەوە دوورخرابۆوە.
بۆلی سامبۆ، هێرشبەری سێنیگالی دهۆک دەربارەی یارییەکە قسەی خۆی کرد و پەیامێکیش ئاڕاستەی هاندەرانی دهۆک دەکات:
سەرکەوتنمان لە یاریی رابردوو بەرامبەر قوەجەوییە زۆر باش بوو، ئێستا لە کەشێکی ئەرێنیداین، دەروونی یاریزانەکان زۆرباشە و هەوڵدەدەین لەو ئاست و ئەنجامانە بەردەوام بین، بەهاندەران دەڵێم باوەڕ و بڕواتان بە ئێمە هەبێت، ئەوەی لە توانامان بێت پێشکەشی دەکەین و ئەنجاممان باشتر دەبێت، ئێمە یەک خێزانین ئامانجمان دڵخۆشکردنی ئێوەیە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئەمانەی بەغدا گووتی:
ئەمانەی بەغدا تیپێکی باشن و خاوەن راهێنەرێکی بە توانان، ئێمە نابێ سەیری هێزی تیپی بەرامبەر بکەین بە هۆی ئەوەی هەفتەی رابردوو بەهێزترین یارییمان بردەوە، سەرکەوتنەکەی بەرامبەر جەوییە پاڵنەرێکی باشە بۆ بەردەوام بوون لە وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکان، یاریزانەکان ئامادەن بۆ سەرکەوتنێکی دیکە.
هەڵۆکانی چیا لە نۆ یاریی رابردوودا 11 خاڵیان کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 14 دێن، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆیان بەرامبەر مینا یاریی دەکەن، ئەمانەی بەغداش بە 15 خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم دێت.




