ئەستێرەیەکی کوردستان بە یەکجاری واز لە یاریی تۆپی پێی دەهێنێت
خاوەنی زۆرترین نازناو ماڵئاوایی لە یاریگاکانی کوردستان دەکات

یاریگا –
ئەستێرەیەکی کوردستان یاریی وازهێنانی بۆ دەکرێت و بە تەواوی لە یاریگا و تۆپی پێ دوور دەکەوێتەوە.
شەممە ( 23ـی کانوونی دووەمی 2025 ) لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان، پیشەسازی لە یاریگای خۆی رووبەڕووی پێشمەرگەی هەولێر دەبێتەوە، پێش دەسپێکی ئەم یارییە مەڕاسیمی ماڵئاوایی و وازهێنانی یەکجارەکی لە تۆپی پێ بۆ ئەستێرەیەکی دیاری کوردستان دەکرێت کە خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی خول و پاڵەوانێتیەکانی کوردستان.
بارزان حەیدەر، ناوەراستکار و ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێ وازهێنانی یەکجارەکی لە یارییکردن راگەیاند، بارزان زۆرترین نازناوی لە سەر ئاستی خول و پاڵەوانێتیەکانی کوردستان بەدەستهێناوە، شەش قەڵغانی خولی نایابی کوردستان و دوو جار پاڵەوان بوون لە جامی هەرێمی کوردستان و بە دەستهێنانی دوو جامی سوپەر، نازناو و دەستکەوتەکانی بارزان حەیدەرە.
لە پێشوودا بارزان حەیدەر یاریی بۆ یانەکانی بروسک و زێڕەڤانی و هەشت وەرزیش بۆ پێشمەرگەی هەولێر و نیو وەرز بۆ هەولێر یاریی کردووە، دوایین وێستگەی بارزان وەرزی رابردوو بوو کە بۆ یانەی پیشەسازی یاریی کرد، بۆیە ئەمڕۆ لە نێوان یانەی پیشەسازی و پێشمەرگەی هەولێر مەڕاسیم بۆ یاریزانە 36 ساڵانەکە دەکرێت.



