یاریزانە بێبەشەکانی گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان
زاخۆ و چوارقوڕنە لە توانای ئەستێرەی تیپەکانیان بێبەش دەبن

یاریگا –
چوار یاریزان لە گەڕی داهاتووی خولی نایابی کوردستان لەگەڵ یانەکانیان بێبەش دەبن لە یارییکردن.
سەگر ئەحمەد، بەرگریکاری باڵی راستی پێشمەرگەی هەولێر بێبەش دەبێت لە یارییکردن، سەگر لە گەڕەکانی سێ و شەش و نۆ کارتی زەردی وەرگرتووە و ناتوانێ لە گەڕی دەیەم بەرامبەر پیشەسازی یاریی بکات کە یارییەکە لە یاریگای پیشەسازی دەکرێت.
یوسف ئەیوب، ئەستێرەی ناوەڕاستکاری زاخۆ لە گەڕی داهاتوو بێبەش دەبێت لە یارییکردن، یوسف لە گەڕەکانی یەک و چوار و نۆ کارتی زەردی وەرگرتووە و لە گەڕی دەیەم ناتوانێ بەرامبەر دەربەندیخان یاریی بکات، ناوەڕاستکارەکەی زاخۆ ئەم وەرزە سێ گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
زەکەریا تاڕق، بەرگریکاری قەڵادزێ لە گەڕی داهاتوو بێبەش دەبێت لە یارییکردن، بەرگریکارەکەی قەڵادزێ لە گەڕەکانی یەک و پێنج و نۆ کارتی زەردی وەرگرتووە و لە گەڕی داهاتوو ناتوانێ بەرامبەر ئاکرێ یاریی بکات، حوسێن عەلی، راهێنەری گۆڵپارێزانی قەڵادزێ بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر سیروانی نوێ، ناتوانێ لە گەڕی دەیەم بەرامبەر هەندرێن لە نێو یاریگا ئامادە بێت.
ئاگرین وسو، بەرگریکاری چوارقوڕنە بێبەش دەبێت لە یاریی داهاتووی تیپەکەی، ئاگرین بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر دەربەندیخان، ناتوانێ لە گەڕی دەیەم بەرامبەر سیروانی نوێ یاریی بکات.



