دەربەندیخان یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی لە خولی نایابی کوردستان بە دەستهێنا
پێشمەرگەی هەولێر و رانیه لە یەکسان بوون بەردەوامن

یاریگا –
دەربەندیخان یەکەم سەرکەوتنی ئەم وەرزەی لە خولی نایابی کوردستان بەدەستهێنا و پێشمەرگەی هەولێر و رانیەش لە هەدەردانی خاڵ بەردەوامن.
لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی کوردستان، چوارقوڕنە دووەم شکستی بەدوای یەکی تووش هات و 3 _ 0 بە دەربەندیخان دۆڕا، دەربەندیخانیش یەکەم سەرکەوتنی بوو لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان دوای نۆ گەڕ.

رەمزی ساڵح، دوای پێنج یاریی وەک راهێنەری دەربەندیخان یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزەی بۆ تیپەکە بەدەستهێنا، دەربەندیخان بە شەش خاڵ لە ریزبەندی کۆتایی مایەوە و گەڕی داهاتووش میوانداری زاخۆ دەکات، چوارقوڕنە بە 12 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمە بە شێوەی کاتی، یاریی داهاتووش میوانداری سیروانی نوێ دەکات.
پێشمەرگەی هەولێر پێنجەم یەکسان بوونی بە دوای یەکی بەدەستهێنا و بەبێ گۆڵ لەگەڵ رانیە یەکسان بوو، پێنج گەڕە هەر دوو یانە سێ خاڵیان لە هیچ یانەیەک وەرنەگرتووە، پێشمەرگە پێنج یەکسان بوون و رانیەش شکستێک و چوار یەکسان بوونی هەیە.
بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ رانیە لە ریزبەندی شەشەم دێت و گەڕی داهاتووش میوانداری شێروانە دەکات، پێشمەرگەی هەولێریش بە هەمان خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی حەفتەم دێت و یاریی داهاتووشی بەرامبەر پیشەسازی دەبێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی.



