پێشهاتی نوێ؛ بارسێلۆنا لەگەڵ مارک گێی کۆدەبێتەوە
بیر لە چوار بژاردەی دیکە دەکاتەوە

یاریگا –
بارسێلۆنا لە گواسینەوەی مارک گێی، بەرگریکاری کریستاڵ پاڵاس ساردبووەتەوە، چونکە داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە زۆرن.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا لەگەڵ بریکاری کارەکانی مارک گێی کۆبووەتەوە، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێککەوتن چوونکە یاریزانەکە داوای مووچە و پاداشتی زۆر دەکات و بەو هۆیە بارسا لە گرێبەستەکە ساردبووەتەوە.
مارک گێی لە هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی بەسەردەچێت، هاوینی رابردوو لیڤەرپوول ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی بە بەهای 40 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشکرد، بەڵام پاڵاس ئۆفەرەکەی رەتکردەوە و بڕوایان وابوو باشترە وەرزێکی دیکە پارێزگاری لێبکەن و شەش مانگی دیکە بێبەرامبەر یانەکە جێدەهێڵێت.

رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو هەفتەیە بارسا و گێی گفتوگۆیان نەکردووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لیڤەرپوول و بایرن میونشن هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی یاریزانەکە خێراتر کردووە.
بارسێلۆنا دەیەوێت یاریزانێکی دڵی بەرگری بگوازێتەوە، هاوینی داهاتوو دایۆت ئۆپامیکانۆ، بەرگریکاری بایرن میونشن و ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری لیڤەرپوول گرێبەستەکانیان بەسەردەچێت و بەردەست دەبن.
هەروەها یۆشکۆ ڤاردیۆل، بەرگریکاری مانچێستەر سیتی و ئالیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری ئینتەر میلان دوو بژاردەی دیکەن کە بارسا بیریان لێدەکاتەوە.



