قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان بۆ ئەستێرەیەکی قەڵادزێ کۆتایی هات
فەرحان شکور: هەوڵدەدەم بە زووترین کات بگەڕێمەوە و یارمەتی قەڵادزێ بدەم

یاریگا –
قەڵادزێ گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و فەرحان شکوری گۆڵکاری تیپەکە ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە.
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو لە گەڕی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان بەرامبەر دەربەندیخان تووشی پێکان هات، فەرحان شکور، ئەستێرە و گۆڵکاری قەڵادزێ دوای پشکنین دەرکەوتووە لە بەشی دواوەی رانی تووشی گرژبوونی ماسولکە هاتووە و ئەمەش وادەکات ماوەیەک لە یاریگاکان دوور کەوێتەوە.
فەرحان شکور، دەربارەی جۆری پێکانەکەی و ماوەی دوور کەوتنەوەی لە یاریگاکان، تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا گووتی:
لە یاریی بەرامبەر دەربەندیخان هەستم بە ئازار کرد، دوای پشکنینی پزیشکی دەرکەوت لە بەشی دواوەی رانم تووشی گرژبوونی ماسولکە هاتووم، ئەمەش پێویستی بە پشووی سێ هەفتە هەیە، هەموو هەوڵێک دەدەم پێش ئەو ماوەیە چاکبمەوە بۆ ئەوەی یارمەتی تیپەکەم بدەم و ئەنجامی باش بۆ قەڵادزێ و هاندەرانی بە دەست بهێنین.
لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان، فەرحان شکور تا ئێستا سێ گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمار کردووە و ئەسیستێکیشی بۆ هاوڕێکانی کردووە، وێڕای ئەوەی چەند یارییەکیش بە هۆی پێکانەوە یاریی نەکردووە.
قەڵادزێ لە کۆی هەشت یاریی دوو سەرکەوتن و سێ یەکسان بوون و سێ شکستی هەیە، بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.



