
یاریگا –
وادیارە زنجیرەی کێشە یاسایی و سکاڵاکان لەسەر یانەی بارسێلۆنا کۆتایی نایەت، یانەیەکی ئیسپانی بە نیازە سکاڵا لەسەر یانە کاتەلۆنییەکە تۆمار بکات، بە تۆمەتی دەستکاریکردن و یاری کردن بە نرخی گرێبەستی فرۆشتنی یاریزان پابلۆ تۆری بۆ یانەی ریال مایۆرکا.
چیرۆکەکە چییە؟
وهك رۆژنامهی سپۆرت ئاشكرایكردووه، پابلۆ تۆری، یاریزانی لاوی ئیسپانی، دوای ئەوەی لهگهڵ هانزی فلیک هەستی بە ئاسوودەیی نەکرد و رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە گرت، لە هاوینی رابردوودا بڕیاری رۆیشتنی دا و پەیوەندی بە ریال مایۆرکاوە کرد.
گرێبەستەکە بە فەرمی كرا، هەرچەندە نرخەکەی بە ئاشکرا رانەگەیەندرا، بەڵام سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بارسێلۆنا یاریزانەکەی بە نزیکەی 4.95 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتووە.
راسینگ سانتاندێر تووڕەیە
رۆژنامەی سپۆرتی کاتالۆنی ئاشکرایکردووە کە یانەی راسینگ سانتاندێر (یانەی پێشووی پابلۆ تۆری) زۆر نیگەران و تووڕەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەپێی گرێبەستی پێشوویان لەگەڵ بارسێلۆنا، ئەگەر فرۆشتنی پابلۆ تۆری بگاتە 5 ملیۆن یۆرۆ، ئەوا راسینگ پشکێکی دارایی بەر دەکەوێت.
‼️ Lío entre Barça y Racing por Pablo Torre
👀 El club racinguista ha denunciado al FC Barcelona al entender que el precio con el que fue vendido al Mallorca (4,95 millones) perjudica a sus intereses y reclama percibir una plusvalía
✍️ @bonagerman https://t.co/wavH7mN39w
— Diario SPORT (@sport) December 14, 2025
راسینگ تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ لاپۆرتا و كارگێری بارسێلۆنا بە ئەنقەست نرخی فرۆشتنەکەیان کردووە بە 4.95 ملیۆن یۆرۆ (واتە تەنیا بە ٥٠ هەزار یۆرۆ کەمتر لە بڕی دیاریکراو)، تەنیا بۆ ئەوەی لە پێدانی پشکی راسینگ رزگاریان ببێت.
مانوێل هیگێرا، سەرۆکی یانەی راسینگ لە کۆبوونەوەی پشکدارانی یانەکەیدا رایگەیاند کە نامەیەکی فەرمییان بۆ بارسێلۆنا ناردووە و بە نیازن سکاڵا ببەنە لای كۆمهڵهی لالیگا، ئەوان دەڵێن ئەم کارەی بارسێلۆنا “بە نیەتێکی خراپ” کراوە بۆ زیانگەیاندن بە لایەنی سێیەم.
بەگوێرەی قسهكانی سهرۆكی یانهكه، بارسێلۆنا بڕگەی کڕینەوەی یاریزانەکەی بە 10 ملیۆن یۆرۆ داناوە، ئەمەش بەڵگەیە کە نرخی راستەقینەی یاریزانەکە لە 4.95 ملیۆن زیاترە و دەبوایە مافی راسینگ پارێزراو بێت.
وەڵامی بارسێلۆنا
لە بەرامبەردا، بارسێلۆنا پێیوایە پێگەی یاساییان بەهێزە، بەرپرسانی یانەکە دەڵێن ئەو بڕە پارەیەی کە حسابی لەسەر دەکرێت نرخی فرۆشتنەکەیە بۆ مایۆرکا (کە خوار پێنج ملیۆنە)، نەک نرخی کڕینەوەی لە داهاتوودا.
بارسێلۆنا لە ساڵی 2022 پابلۆ تۆری بە پێنج ملیۆن یۆرۆ لە راسینگ کڕیبوو، هەروەها بڕی یەک ملیۆن یۆرۆی زیادەشی پێدان بەهۆی ئەوەی یاریزانەکە بەشداری لە 10 یاری فەرمیدا کردبوو.



