Loading...
ئه‌مریکاگرنگترین

لە مێسی تووڕەن؛ شەڕەکورسی هاندەرانی مێسی لە هیندستان دەستیپێکرد

"تەنیا دەسەڵاتداران سوودیان لە سەردانەکەی مێسی وەگرتووە"

Yariga App

یاریگا –

سەردانەکەی لیۆنیل مێسی بۆ هیندستان شەڕ و ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە و هاندەران یاریگا دەشێوێنن.

درەنگانی شەوی رابردوو لیۆنێل مێسی بە یاوەری لویس سوارێز و رۆدریگۆ دی پاول گەیشتە هیندستان، هەزاران هاندەر پێشوازییان لە ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە کرد، تەنانەی بەهۆی زۆری رێژەی پێشوازیکەران مێسی نەیتوانی بە رێگەی سەرەکی بگاتە لای پەیکەرەکەی و بەناچاری بە رێگەیەکی یەدەک گەیەنرایە شوێنەکە.

سەرەتا هەموو شتێک بەباشی بەڕێوەچوو، مێسی پەردەی لەسەر پەیکەرەکەی لادا و جیا لە هاندەران دەیان کەسایەتی سیاسی و هونەری دیاری وڵاتەکە پێشوازییان لێی کرد.

بەڵام هەموو شتێک تاوەکو کۆتایی بەباشی بەڕێوەنەچوو، پلان وابوو مێسی سەردانی یاریگایەکی ناوچەکە بکات و هاندەران چاویان پێی بکەوێت، لیۆ بۆ ماوەیەک لە یاریگاکە مایەوە و سڵاوی لە هاندەران کرد، بەڵام پاش ئاوەی یاریگاکەی جێهێشت هاندەران دەستیانکرد بە شکاندنی کورسییەکانی یاریگا و تێکشکاندنی هەموو شتێک.

هۆکاری تووڕەبوونی هاندەران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێیان وایە فێڵیان لێکراوە، چونکە رێگەیەکی دووریان بڕیووە و پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە تاوەکو چاویان بە مێسی بکەوێت، بەڵام گلەیی ئەوە دەکەن نەیانتوانیووە بەباشی مێسی ببینن.

هیندییەکان رەخنە لە بەرپرسانی حکومەت و رێکخەرانی رێوڕەسمەکە دەگرن، دەڵێن تەنیا وەزیر و کەسە ناودارەکان وێنەیان لەگەڵ مێسی گرتووە و لەنزیکەوە چاویان پێیکەوتووە، خەڵکە ئاساییەکەش هیچی وای پێنەبڕاوە و نەیتوانیووە چێژ لە بینینی لیۆ وەربگرێت.

پەیکەرەکەی مێسی لە شاری لەیک تاون دانراوە، بەرزییەکەی 70 پێ “21 مەتەر”ـە رەنگێکی زێڕینی هەیە و جامی مۆندیالیشی بەدەستەوەیە، پەیکەرەکە رەنگدانەوەی خۆشەویستی هاندەرە سەرشێتەکانی هیندستانە بۆ ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە.

لیۆنێل مێسی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی هەزاران کەس پەردەی لەسەر پەیکەرەکەی خۆی لادا. جیا لە هاندەران چەندین کەسایەتی گرنگی وڵاتەکە لە ناویاندا شاهـ رۆخان، ئەکتەری ناوداری جیهانی ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.

هاوکات چەندین کەسایەتی سیاسی باڵای وڵاتەکە لە پێشوازی لیۆدا بوون، سوجیت بۆس وەزیری حکومەتی رۆژئاوای بەنگال و هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانان لە بیدانگار یەکێک بوو لەو سیاسەتمەندارە ناودارانەی وڵاتەکە کە پێشوازی لە مێسی کرد.

هاوکات مامتا بانەرجی، وەزیری رۆژئاوای بەنگال لە ئێکس پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و داوای لێبوردن لە لیۆنێل مێسی دەکات.

نیگەران و شۆک بووم بەهۆی ئەو خراپ بەڕێوەبردنەی رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ، بەڕێوەبووم بۆ یاریگا تاوەکو لەگەڵ هەزاران هاندەری خۆشەویست چێژ لە بینینی مێسی وەربگرین. لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهینم و ئەوانەی کەمتەرخەمبوون لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت تاوەکو رووداوەی لەمشێوەیە روونەداتەوە. لە دڵەوە داوای لێبوردن لە لیۆنێل مێسی و هەموو وەرزشدۆستان دەکەم بۆ ئەو رووداوە نەخوازراوە.

پێشوازی خەیاڵی؛ لیۆنێل مێسی پەردە لەسەر پەیکەرە زەبەلاحەکەی لادەدات

 

بابەتی زیاتر

Back to top button