چوارقوڕنە سەرکەوتنێکی گرینگی تۆمار کرد و دەربەندیخانیش بەبێ سەرکەوتن خولی نایابی کوردستان بەڕێ دەکات
هەندرێن پێشەنگی خولی نایابی کوردستانی بەهێزتر کرد

یاریگا –
دوای دوو یەکسان بوونی بە دوای یەک، چوارقوڕنە گەڕایەوە سەرکەوتن و حەفت گەڕیشە دەربەندیخان هیچ سەرکەوتنێکی لە خولەکە تۆمار نەکردووە.
لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان، چوارقوڕنە لە دەرەوەی یاریگای خۆی 1 _ 0 لە پیشەسازی بردەوە، عەباس یابڕ، گۆڵپارێزی چوارقوڕنە ئەستێرەی یارییەکە بوو کاتێک گۆڵەکەی لە چەندین گۆڵی مسۆگەری پیشەسازی پاراست، بە 12 خاڵ چوارقوڕنە لە ریزبەندی دووەمە و پیشەسازی بە پێنج خاڵ لە ریزبەندی 11 مایەوە.

هەندرێن لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی تۆمار کرد و 1 _ 0 لە ئاکرێی بردەوە، بەم سەرکەوتنە هەندرێن پێشەنگی خولەکەی بە 15 خاڵ بەهێزتر کرد، ئاکرێش بە هەشت خاڵ لە ریزبەندی نۆیەم مایەوە.

رانیە لە نێو یاریگای خۆی تووشی دۆڕانێکی قورس هات و 3 _ 2 بەرامبەر سیروانی نوێ شکستی هێنا، رانیە ریزبەندی دووەمی لە دەستدا و بە نۆ خاڵ کەوتەریزبەندی پێنجەم، سیروانی نوێ هیوای کێبڕکێ کردنی زیندوو کردەوە و بە 11 خاڵ ریزبەندی سێیەمی خولی نایابی کوردستانی وەرگرت.

دەربەندیخان بەبێ سەرکەوتن خولی نایابی کوردستان بەڕێ دەکات، دەربەندیخان لە یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ رزگاری بەرامبەر بوو، رزگاری نۆ خاڵی هەیە لە ریزبەندی شەشەمە و دەربەندیخان بە سێ خاڵ لە ریزبەندی 12ـەو کۆتایی خولەکە دێت، زاخۆ و پێشمەرگەی هەولێریش لە یاریگای بارزان 2 _ 2 یەکسان بوون، زاخۆ بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی حەفتەمە و پێشمەرگەی هەولێر بە هەمان خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان دێت.

قەڵادزێ بەردەوامە لە ئەنجامە خراپەکانی و ئەمجارەیان لە یاریگای خۆی 1 _ 0 بە شێروانە دۆڕا، قەڵادزێ یەکەم گەڕی ئەم وەرزە سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و شەش گەڕە هیچ یارییەکی نەبردۆتەوە، لە ریزبەندی 10ـی خولەکە دێت و شەش خاڵی هەیە، شێروانەش بە 10 خاڵ هاتە ریزبەندی چوارەمی خولەکە.



