
یاریگا –
ئەگەرێکی بەهێز هەیە بۆ دواخستنی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا، کە بڕیار بوو لە مانگی ئازاری داهاتوو لە کوەیت یان ئیمارات بەڕێوەبچێت.
هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی کات و سەرقاڵبوونی زۆربەی هەڵبژاردە بەهێزەکان بە پاڵاوتن و ئامادەکارییەکانەوە.
هۆکارەکانی دواخستن و سەرقاڵی هەڵبژاردەکان
بەهۆی ئەوەی ساڵی داهاتوو ساڵێکی پڕ کار دەبێت بۆ هەڵبژاردەکان، زۆربەی تیپەکان ناتوانن بە پێکهاتەی سەرەکییەوە بەشداری بکەن، بەپێی خشتەی یارییەکان، دۆخەکە بەم شێوەیەیە:
ههڵبژاردهی عێراق، سەرقاڵ دەبێت بە یاریی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال ههروهها سعودیە، قەتەر و ئوردن، سەرقاڵ دەبن بە ئەنجامدانی یاری دۆستانە و ئامادەکاری بۆ جامی جیهانی. ههرچی ههڵبژاردهكانی سوریا، یەمەن و لوبنانه سەرقاڵ دەبن بە یارییەکانی پاڵاوتنی جامی ئاسیا.
تەنیا پێنج هەڵبژاردە بەردەستن
بەهۆی ئەم پابەندبوونانەوە، ئێستا تەنیا پێنج هەڵبژاردە هیچ یارییەکی فەرمییان نییە و دەتوانن بەشداری بکەن، کە ئەوانیش بریتین لە، كوەیت، بەحرەین، ئیمارات، فەلەستین و عومان.
سیناریۆی بەڕێوەچوون بە “تیپی دووەم“
بهشێك میدیا عهرهبیهكان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر یەکێتیی رۆژئاوای ئاسیا سوور بێت لەسەر ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکە لە کاتی خۆیدا، ئەوا زۆربەی هەڵبژاردەکان ناچار دەبن بە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی یان تیپی دووەم بەشداری بکەن، چونکە یاریزانە سەرەکییەکان لە ئەرکی نیشتمانی تردا دەبن.



