زۆرترین یاریزان لە گەڕی داهاتووی خولی نایابی کوردستان بێبەش دەبن
11 یاریزان بە هۆکاری جیاواز یاریی ناکەن

یاریگا –
زۆرترین رێژەی یاریزان لە شەش گەڕی رابردووی خولی نایابی کوردستان لە گەڕی حەفتەمی خولەکە یاریی ناکەن.
بە هۆکاری کەڵەکە بوونی کارت یاخود وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی لە گەڕی رابردوو، 11 یاریزان لە گەڕی حەفتەمی خولی نایابی کوردستان یاریی ناکەن، یەکەمجارە لەم وەرزەدا بەم رێژە زۆرە یاریزان بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد یاخود کارتی سوور یاریی ناکەن.
پیشەسازی و زاخۆ زەرەرمەندی یەکەمن و دوو یاریزانیان لە گەڕی داهاتوو دادەبڕێت، نوار سامر و محەمەد شێرزاد بە هۆی سێ کارتی زەرد لە پیشەسازی بەرامبەر چوارقوڕنە یاریی ناکەن، کارلۆس کایۆ بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد و لاوین محەمەد بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە زاخۆ بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر یاریی ناکەن.
جیهان جەلال، یاریزانی قەڵادزێ بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد بەرامبەر شێروانە یاریی ناکات، سەفین عەبدولخالق و عیماد یاسین، یاریزانانی رانیە بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد بەرامبەر سیروانی نوێ یاریی ناکەن، ئەمیر ئەرسەلان، یاریزانی سیروانی نوێ بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد بەرامبەر رانیە یاریی ناکات.
سانی سەلام، یاریزانی ئاکرێ بە هۆی هەبوونی سێ کارتی زەرد لە یاریی لووتکەی ئەم گەڕە بەرامبەر هەندرێن یاریی ناکات، بەهمەن رەسول، هێرشبەری پیشەگەری پێشمەرگەی هەولێر بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر زاخۆ یاریی ناکات.
عەبدول وەدود زەهیر، یاریزانی پیشەگەری مەغریبی چوارقوڕنە بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور بەرامبەر پیشەسازی یاریی ناکات.



