Loading...
ئاسیاعێراقکوردستانگرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

ئارنۆڵد واده‌ی راگه‌یاندنی لیستی یاریزانی عێڕاق بۆ پاشكۆی مۆندیال ئاشكرا ده‌كات

رێزیان دەگرین، بەڵام بۆ سێ خاڵەکە دەجەنگین

Yariga App

یاریگا –

کەمێک پێش ئێستا لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی عێراق و جەزائیر لە جامی عەرەب، گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بەراشکاوی باسی گرنگی و سەختی یارییەکە کرد و پەیامی دڵنیایی دایە هاندەران.

جەزائیر پاڵێوراوە، بەڵام ئێمە عێراقین

ئارنۆڵد لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی،

 “دەزانین رووبەڕووی کێ دەبینەوە، جەزائیر یەکێکە لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەفریقا و عەرەب و پاڵێوراوێکی سەرەکییە بۆ نازناوەکە، ئەوان خاوەنی یاریزانی بەتوانا و جەستەی بەهێزن، بەڵام ئێمەش عێراقین و متمانەی تەواومان بە تواناکانی خۆمان هەیە.”

چارەسەرکردنی هەڵەکان

سەبارەت بە ئاستی شێرەکانی رافیدەین، ئارنۆڵد ئاماژەی بەوە کرد:

“لە مەشقەکاندا کارمان لەسەر چاککردنەوەی ئەو هەڵانە کردووە کە لە یارییەکانی رابردوو كردمان، دەزانین بەرامبەر تیپێکی وەک جەزائیر هەڵەی بچووک دەکرێت باجەکەی گەورە بێت، بۆیە داوام لە یاریزانان کردووە تەواوی 90 خولەکە بە چڕی و وردی یاری بکەن.”


بابەتی کارتە زەردەکان و پێکهاتەکە

دەربارەی ئەو یاریزانانەی  وەک ئەمجەد عەتوان و زێد ئیسماعیل کە مەترسی بێبەشبوونیان لەسەرە بەهۆی کارتەوە، راهێنەرە ئوسترالییەکە رایگه‌یاند،

“ئێمە هەموو ئەگەرەکانمان لەبەرچاو گرتووە، یاریزانەکان دەزانن دەبێت بە زیرەکی یاری بکەن و خۆیان لە کارتی بێسوود بەدوور بگرن، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە لە تۆپە هاوبەشەکان پاشەکشە بکەین. شێركۆ كه‌ریمیش به‌هۆی پێكانه‌وه‌ی ناتوانێت پاڵه‌وانه‌تیه‌كه‌ له‌گه‌ڵمان ته‌واو بكات پێكانه‌كه‌ی زۆر ده‌خایه‌نێت، ئێمه‌ باشترین پێکهاتە دەخەینە یاریگاوە چونکە ئامانجمان تەنیا سەرکەوتن و پێشەنگییە.”

ئارنۆڵد پلانە داهاتووەکانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە ئەم پاڵەوانێتییە پێوەرە بۆ قۆناخی داهاتوو،

“دوای کۆتایی هاتنی ئەم پاڵەوانێتییە، راستەوخۆ لیستی تایبەتی خۆم دیاری دەکەم بۆ یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، بۆیە هەموو یاریزانێک لە ژێر چاودێریدایە.”

گەڕانەوەی ئەیمن حوسێن

سەبارەت بە دۆخی هێرشبەری هەڵبژاردەکە، راهێنەرە ئوسترالییەکە هەواڵە خۆشەکەی بە هاندەران دا و گوتی، ئەیمن حوسێن سبەی یاری دەکات، پێکانەکەی سووک بوو و مەترسیدار نەبوو، ئەو لە یاری رابردوو ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کرد و سبەی دەتوانین پشتی پێ ببەستین.”.”

ستایشی یاریزانانی خولی ناوخۆ

راهێنەری عێراق دڵخۆشی خۆی بە ئاستی یاریزانە ناوخۆییەکان دەربڕی:

“زۆر دڵخۆشم بە ئاستی یاریزانانی خولی ناوخۆی عێراق، ئاستێکی نایابیان پێشکەش کردووە. راهێنانەکانیش زۆر باش بوون، ئەو رێكاره‌كان  جێبەجێکردنی رێنماییانەی لە یاریزانەکانم بینی جێگەی رەزامەندی منە.”

پەیامێک بۆ هاندەران

لە کۆتاییدا ئارنۆڵد گوتی،

“ئامادەکارییەکانمان زۆر باش بووە، رۆحیەتی یاریزانەکان لەوپەڕی بەرزیدایە. بەڵێن دەدەین سبەی جه‌نگێكی وەرزشی گەورە بکەین بۆ ئەوەی دڵی گەلی عێراق خۆش بکەین و بە ئەنجامێکی شایستەوە لە یاریگا بێینە دەرەوە.”

بابەتی زیاتر

Back to top button