Loading...
کوردستان

گورزێکی کوشندە بەر پێشمەرگەی هەولێر کەوت

کاپتنی تیپەکە ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە

Yariga App

یاریگا –

پێش یارییەکەی زاخۆ پێشمەرگەی هەولێر گورزێکی کوشندەی بەرکەوت و کاپتنی تیپەکە ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە.

هەردی سیامەند، کاپتنی پێشمەرگەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان، دوای پێکانەکەی لە یاریی رابردوو بەرامبەڕ قەڵادزێ لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی کوردستان تووشی هات،  ماوەی مانگێک لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە و پزیشکەکان رێنماییان کردووە لەکاتی ئێستادا پێویستە پشوو وەربگرێت.

دەربارەی جۆری پێکانەکە و کاتی گەڕانەوەی بۆ یاریگاکان، هەردی سیامەند، تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:

دوای ئەوەی لە گێمی یەکەم لەگەڵ یاریزانێکی قەڵادزێ بەریەک کەوتین هەستم بە ئازارێکی زۆر کرد لە شانی چەپەم، ئەمەش ناچاری کردم سەردانی پزیشکی تایبەت بکەم، دوای پشکنین دەرکەوت شانم دەرزی بردووە و پێویستم بە چارەسەرە، پزیشکەکان رێنماییان کردووم 15 بۆ 20 رۆژ پشوو وەربگرم و دواتر جارێکی تر قۆناخ بە قۆناخ بچمە نێو مەشقەکانی تیپەکەم تاوەکو بە تەواوی چاک دەبمەوە، هەموو هەوڵێک دەدەم بە زوویی بگەڕێمەوە یاریگا و هاوکاری تیپەکەم بکەم.

هەردی سیامەند، وەرزی رابردوو لە ناسڕیەوە پەیوەندی بە پێشمەرگەی هەولێر کرد، وێڕای ئەوەی لە دڵی بەرگری یاریی دەکات، ئەم وەرزە توانیویەتی لەگەڵ پێشمەرگەی هەولێر دوو گۆڵ تۆمار بکات.

پێشمەرگەی هەولێر لە کۆی شەش یاریی خاوەنی هەشت خاڵە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولی نایابی کوردستان دێت، پێنج شەممە ( 11ـی دیسێمبەری 2025 ) لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی زاخۆ دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button