راپۆرت: بۆچی سەرۆکی فیفا بووەتە کاسەلێسی دۆناڵد تڕەمپ ؟

جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا جارێکی دیکە کەوتە ستایشی دۆناڵد تڕەمپ و خەڵاتێکیشی پێدا کە بۆ ئەو سەرۆکە داتاشرابوو.
لە میانەی تیروپشکەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی دا، دۆناڵد تڕەمپ جارێکیتر لە بۆنەیەکی تۆپی پێ دا بینرا و بەشداری لە تیروپشکەکە کرد. هەرچەندە ئەمە نایاسایی نیە بەڵام شتێکی نامۆیە کەسایەتییەکی سیاسی هێندە تێکەڵی بۆنەیەکی وەرزشی بیت.
فیفا چەند مانگێک ئامادەکاری بۆ ئەم بۆنەیە کرد کە وابڕیار بوو لە لاس ڤێگاس ئەنجام بدرێت بەڵام لە سەر داوایەکی تڕەمپ، بڕیاردرا بۆنەکە بگوازرێتەوە بۆ واشینگتن دی سی و سەرەجەم کارەکانی پێشوو بەفیڕۆ چوو.
دوای تەنها لە نیو کاتژمێر لە دەستپێکی بۆنەکە، راستەوخۆ تڕەمپ بانگهێشتکرایە سەر سەکۆ و خەڵاتێکی لەلایەن فیفاوە پێدراوە بە ناوی خەڵاتی ئاشتی، ئەمە لە کاتێکدا پێش ئەم بۆنەیە ئەو خەڵاتە هەرگیز بوونی نەبووە، وە هیچ کەسێکیش کاندید نەبووە بۆیی و ئەوە روونە بۆ تڕەمپ داتاشرابوو. دواتر ئەوەش ئاشکرابوو کە تەنانەت ستافەکەی ئینفانتینۆش پرسیان پێنەکرابوو لە بڕیاری پێدانی ئەو خەڵاتە بە تڕەمپ.
ئینفانتینۆ پاش پێشکەشكردنی خەڵاتەکە وتی “تۆ شایستەی خەڵاتی ئاشتی فیفایت بەهۆی ئەوانەی ئەنجامت داون بە شێوازی خۆت”.
تڕەمپ یش لە وەڵامدا وتی “هەر بەڕاستی ئەمە یەکێکە لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانم”. دواتر هەردووکیان کەوتنە ستایشکردنی یەکتر.
پەیوەندییە رۆمانسییەکەی نێوان ئینفانتینۆ و تڕەمپ لە هاوینی رابردووەوە و لە جامی جیهانی یانەکانەوە دەستی پێکرد، کە ئەوکاتیش تڕەمپ دەست تێوەردانی هەبوو لە پاڵەوانێتییەکە.

بەرپرسێکی پێشووی تۆپی پێی ئەمریکا بۆ لۆس ئەنجلس تایمس وتوویەتی
“ئەوان دوو کەسی خۆبەزلزانن کە دەمی یەکتر چەور دەکەن.
سەبارەت بەوەی کە ئایا ئینفانتینۆ بۆ وا دەکات بۆ تڕەمپ دەڵێت
پێم وایە هۆکارەکە ئەوەیە ئینفانتینۆ دەیەوێت پشتگیری تەواوی تڕەمپ بەدەست بهێنێت بۆ جامی جیهانی. وە لە رێگەی پەیوەندی دۆستانەوە وا لە تڕەمپ بکات دەست وەردان نەکات لە کاری فیفادا بۆ بەڕێوەبردنی مۆندیال.
لە هەمان کات دا، بۆ تڕەمپ ئەمە دەرفەتێکە تاوەکو خۆی بکات بە خاوەنی بەڕێوەچوونی گەورەترین پاڵەوانێتی وەرزشی لە وڵاتەکەی دا .
وتەبێژێکی فیفا بەرگری لە رەفتارەکانی ئینفانتینۆ دەکات و دەڵێت
سەرۆکی فیفا دەبێت هەمیشە هەوڵ بدات پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ فیدراسیۆنەکانی، ئەندامانی فیفا، کەسایەتییە سیاسییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. لەوەش زیاتر سەرۆکی فیفا دەبێت پەیوەندییەکی پتەوی هەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتانەی میوانداری پاڵەوانێتییەکانمان دەکەن، ئەمە پێویستە بۆ دڵنیایی لە سەرخستنی پاڵەوانێتییەکان.
جامی جیهانی ساڵی داهاتوو لە هەر سێ وڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت. پێشتر تڕەمپ وتبووی رەنگە دەستکاری یاریگا و شارەکان بکات ئەگەر گومانی هەبێت لەوەی یەکێک لەو شارانە کێشەی ئاسایشییان هەبێت ئەمەش ترسی خستبووە دڵی فیفا. چونکە ئەوە روونە ئەو شارانەی تڕەمپ باسییان دەکات هەمان ئەو شارانەن کە لەلایەن نەیارەکانییەوە بەڕێوەدەبرێن.
پێدەچێت هاوڕێیەتی ئینفانتینۆ و تڕەمپ لەوە زیاتربێت، چونکە ئینفانتینۆ بانگهێشتی بۆنەی دەستبەکاربوونی تڕەمپ کرابوو وەک سەرۆکی ئەمریکا و لە ریزی یەکەمدا بوو. هاوکات لە کاتی دابەشکردنی مەدالیای جامی جیهانی یانەکاندا، ئەو شەرەفە بە تڕەمپ درا و خۆیشی مەدالییەکی وەرگرت. ئەمە جگە لە وێنە بەناوبانگەکەی تڕەمپ کە لە نێو یاریزانانی چێڵسی وەستاوە و ئاهەنگ دەگێڕێت.
هەروەها لە دانوستاندنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە مسڕ، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئینفانتینۆ بیندرا کە دواتر راگەیەندرا لەلایەن تڕەمپەوە بانگهێشتکراوە.
بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە فیفا پێیان وایە فیفا بێلایەنی خۆی لەدەستداوە. چونکە فیفا راستەوخۆی رووسیای لە سەرجەم چالاکییەکی تۆپی پێ سڕکرد بەڵام ئامادەنەبوو هەمان کار بەرامبەر ئیسرائیڵ بکات لەژێر فشاری تڕەمپ.
لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە میانەی کۆنفرانسی فیفا لە پاڕاگوای، شاندی ئەندامانی کیشوەری ئەورووپا بڕیاریاندا کۆنفڕانسەکە جێبهێڵن بەر لەوەی دەست پێبکات چونکە سەرۆکی فیفا چەند کاتژمێرێک درەنگتر گەیشتە ئەوێ بەهۆکاری ئەوەی لەگەڵ تڕەمپ بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو کات شاندەکە وتییان
لایەندارێتی کردنی سیاسی لەلایەن سەرۆکی فیفاوە هیچ خزمەتێک بە تۆپی پێ ناکات.
ئەدام بیزڵ پرۆفیسەری سەرکردایەتی وەرزشی و بەڕێوەبەردن لە زانکۆی مەیامی بۆچوونی جیاوازە لە بەرپرسانی ئەورووپا و دەڵێت
چاوەڕواندەکرێت داهاتی مۆندیال بگاتە 9 ملیار دۆلار، بۆیە رەنگە هەموو ئەوەی ئینفانتینۆ دەیکات لە جێگەی خۆیدا بێت تاوەکو پشتیوانی فیدڕالی هەبێت لە کاتی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە.



