دەستدرێژی سێکسی و هەڕەشەی کوشتن؛ ژیان لە راهێنەران و یاریزانانی پرێمەرلیگ تاڵ بووە
لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی BBC لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی داتا، بەڵگەی مەترسیدار ئاشکرا دەکەن

یاریگا و BBC –
دەستەی ئێزگەی بەریتانیا BBC لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەوانی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای شیکردنەوەی داتا ‘Signify’ی لەبارەی هەڕەشەی سەر یاریزانان و راهێنەرانی پرێمەرلیگ کردووە.
لێکۆڵینەوەکە دوو هەزار پۆست و بڵاوکراوەی لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا دەستکەوتووە، کە تیایدا هەڕەشەی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی و سووکایەتی ئاڕاستەی بەشێکی زۆر لە راهێنەران و یاریزانانی بەهێزترین خوولی جیهان کراوە.
لێکۆڵینەوەکە تەنیا لەبارەی 10 یاریی پرێمەرلیگ و شەش یاریی پرێمەرلیگی خانمان لە رۆژانی 8 و 9ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو کراوە. لێکۆڵینەوەکان دەیان پۆستی هەڕەشەی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، سووکایەتی نەژادپەرستانە و هاندانی تووندوتیژی تێدابوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی BBC؛ 82%ی پۆستەکان لە پلاتفۆڕمی X (تویتەر پێشوو) بڵاوکراونەتەوە و زۆرترینیان ئاڕاستەی راهێنەران کرابوون.

![]()
روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول و ئێدی هاو، راهێنەری نیوکاسڵ یونایتد لە سەرووی ریزبەندی بە ئامانجکراوەکان بوون.

لەسەر ئاستی پرێمەرلیگی خانمانیش، سۆنیا بۆمپاستەر، راهێنەری خانمانی چێڵسی، زۆرترین قسەی نەشیاوی ئاڕاستەکراوە.
![]()
زۆرترینیان لە بەریتانیا و ئایرلاندن
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە؛ 61%ی هەژمارەکان کە سووکایەتییەکانیان پێدەکرێت لە بەریتانیا و ئایرلاندن.
کۆمپانیای سیگنفای ‘Signify’ کە ئامرازی ژیری دەستکردی ‘Threat Matrix’ بۆ شیکردنەوەی پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکاردەهێنێت، زیاتر لە 500 هەزار پۆستی لە ماوەی دوو رۆژەکە شیکردووەتەوە.
لەکۆی گشتیدا، 22,389 پۆست وشەی نەشیاو، هەڕەشە و سووکایەتییان تێدا هەبووە، بەڵام دوای پێداچوونەی ورد، تەنیا 2015 پۆست لە خانەی سووکایەتی پشتڕاستکراو کۆکراوەتەوە کە تەواو پێچەوانەی رێساکانی بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیان.
39 پەیامی مەترسیدار دەستنیشانکراون، کە دەکرێ یانە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕووی یاساییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، چونکە تەواو رێساکانی بەکارهێنانی سەلامەتی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیای پێشێلکردووە.
یانەکانی وەکو ئارسیناڵ و خانمانی چێڵسی لەگەڵ کۆمپانیای تایبەت رێککەوتوون و بەدوای بەکارهێنەرانی هەژمارەکان دەگەڕێن، تاوەکو هەوڵی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بدەن.
BBC دووپاتیدەکاتەوە، هەرچەندە بە ئیمەیڵی فەرمی داوای روونکردنەوە لە هەردوو کۆمپانیای مێتا ‘Meta’ و ئێکس ‘X’ کراوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
کاردانەوەی ئامۆریم چییە؟
شتێکی ئاساییە لە هەر کارێک رووبەڕووی ئەمجۆرە بابەتانە ببیتەوە، بەڵام من نایانخوێنمەوە.
بەڵکو خۆم دەپارێزم و کاتێک باسی مانچێستەر یونایتد دەکرێت، سەیری تەلەڤزیۆنیش ناکەم. نەک لەبەر ئەوەی لەگەڵیان هاوڕانیم، بەڵکو زۆربەی کات بۆ پاراستنی تەندروستی خۆم ئەم کارە دەکەم.
دەمتوانی لە ئینستاگرام پارەیەکی زۆر قازانج بکەم، بەڵام بۆ پاراستنی ماڵباتەکەم و بەسەربردنی ژیانێکی ئاسایی، بابەتەکە ئەوەندە ناهێنێت بەدوای دۆلار و پاوەندی زیاتر بگەڕێیت.
لەم سەردەمەدا، شتێکی ئاساییە رووبەڕووی ئەمجۆرە سووکایەتییانە ببیتەوە، بۆیە خۆپارێزی باشترین رێگەیە تاوەکو لە ژیان بمێنیتەوە.
مانچێستەر یونایتد پلەی 15ی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگی بەدەستهێنا، ئەمەش خراپترین پێگەی مان یونایتد بوو لەوەتەی وەرزی 1973-1974.
لەم وەرزەدا، مانچێستەر یونایتد لەسەردەستی گریمسبی تاون (پلەدوو) لە جامی کاراباو دوورخرایەوە و ئێستاش لەپلەی حەفتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگە.
هۆکارەکەی ئاشکرادەکات؛ ئامۆریم پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکارناهێنێت










