Loading...
کوردستان

دێڕبی ئاگرینی ڕاپەڕین لە نێوان چوارقوڕنە و ڕانیە دەکرێت

دەربارەی یارییەکە؛ راهێنەری هەردوو یانە قسە بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەکەن

Yariga App

یاریگا –

دێڕبی ئاگرینی ڕاپەڕین لە نێوان چوارقوڕنە و ڕانیە بەڕێوەدەچێت و راهێنەری هەردوویانەش باسی ئامادەکاری و گرینگی یارییەکە دەکەن.

لە گەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان، چوارقوڕنە لە یاریگای خۆی و لە دێڕبی راپەڕین میوانداری رانیە دەکات، راهێنەری هەر دوو یانەش دەربارەی ئامادەکاری و گرینگی یارییەکە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا قسەدەکەن.

دارا محەمەد، راهێنەری ڕانیە باسی لە دۆخی تیپەکەی و گرینگی سێ خاڵی یارییەکەی کرد و گووتی:

ئامادەکاری باشمان کردووە بۆ یارییەکە و هیچ پێکانێک یاخود ڕاگیراوێکمان نیە، نامانەوێ پاڵە پەستۆ لە یاریزانەکان بکەین، هەروەکو یارییەکی ئاسایی بە دەستهێنانی سێ خاڵی بۆ ئێمە گرینگە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە کێبڕکێی ریزبەندی پێشەوە، رێککەوتنی نێوان و من و یاریزانەکە کەوا سەرجەم یارییەکان بۆ ئێمە گرینگە، ئەم یارییەش یەکێکە لەو یارییانە.

ئەحمەد عەبدولقادر، یاریدەدەری راهێنەری چوارقوڕنە باسی لە ئامادەکاری و گرینگی یارییەکەی کرد و دوورکەوتنەوەی کاپتنی تیپەکەشی راگەیاند، یاریدەدەرەکەی مەحمود مەجیدی راهێنەر زیاتر گووتی:

دێڕبی راپەرین گرینگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هەردوو یانە، سەرجەم یاریزانەکانمان ئامادەن تەنها رێباز ئیسماعیل کاپتنی تیپەکە نەبێت کە بە هۆی درزێکەوە لە شانی ناتوانێ یاریی بکات، مەبەستمانە چێژ بە ئامادەبووان ببەخشین و دووربێت لە هەموو تووندوتیژیەک، لەم ساڵانەی دوایی ئاستی رۆشنبیری هاندەران یانەکان گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز کە ئەمەش هۆکارە بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژی، دەخوازین هەردوویانە یاریی چێژ بەخش بکەین کە شایەنی پێگە و ناوی ڕاپەڕین بێت.

دێڕبی چوارقوڕنە و ڕانیە جگە لەوەی چێژی تایبەتی هەیە، هەردوویانەش لە خاڵ وەکو یەکن و خاوەنی هەشت خاڵن، چوارقوڕنە بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی دووەمە و ڕانیە لە ریزبەندی سێیەم دێت.

لە مێژوودا لە خولی نایابی کوردستان چوار یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە، لە سێ یارییدا یەکسان بوونە و چوارقوڕنەش لە یارییەکدا سەرکەوتنی بەدهستهێناوە، لە خولی پلە یەکی کوردستانیش دوو یارییان کردووە و هەریەکەیان سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button