هەولێر لە یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەی بەرە و نایاب شکستی هێنا
بەردەڕەش سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد

یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی یاریی کرد و یەکەم هەنگاوی گەڕانەوەی بۆ خولی نایابی کوردستان شکستی هێنا.
لە گەڕی یەکەمی خولی پلە یەکی کوردستان، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 0 بە یانەی کۆیە دۆڕا، لەم یارییەدا هەریەک لە یاریزانی تیپی خولی عێڕاقی رەوەند عەجیلی گۆڵپارێز و ژیار گۆڤەند و عومەر جەنگی و عەلی سەرحان و لاس هەمەوەند یارییان بۆ تیپی خولی کوردستان کرد، هەولێر گەڕی داهاتوو چاوڕەوانە و کۆیە دەبێتە میوانی سۆران.
بازیان لە یاریگای خۆی 0 _ 0 لەگەڵ زانکۆی جیهان یەکسان بوو، لە گێمی دووەم عەلی کاروان هێرشبەری زانکۆی جیهان لێدانی سزای لەدەستدا، زانکۆی جیهان گەڕی داهاتوو میوانداری تەناهی دەکات و بازیانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر شەقڵاوە یاریی دەکات.
بەردەڕەش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی شۆڕجەی کەرکوک بوویەوە، بەردەرەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و 4 _ 2 یارییەکەی بردەوە، جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو، ئەم وەرزە بەردەڕەش ئامانجیان گەیشتنە بە نایابی کوردستان و گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی شێخان، شۆڕجەش لە دێڕبی کەرکووک میوانداری خاک دەکات.
تەناهی سوودی لە یاریگای خۆی وەرنەگرت و بەبێ گۆڵ لەگەڵ شێخان یەکسان بوو، تەناهی گەڕی داهاتوو لە هەولێر رووبەڕووی زانکۆی جیهان دەبێتەوە، شێخانیش میوانداری بەردەڕەش دەکات.



