دوو گۆڵەکەی چەکویزی لە مانچێستەر سیتی رەنگە قازانجی 30 ملیۆن یۆرۆ بگەیەنێت بە میلان

ساموێل چەکویزی شەوی رابردوو بە درێسی فولهامەوە دوو گۆڵی لە مانچێستەر سیتی تۆمارکرد، ئەمەش هیوای ئەوەی بۆ ئەیسی میلان پەیداکرد کە فولهام گواستنەوەی ئەو یاریزانە بکاتە هەمیشەیی.
چەکویزی لە 2023دا بە 20 ملیۆن یۆرۆ روویکردە میلان بەڵام، لەگەڵ ئەو یانەیەدا سەرکەوتوونەبوو. سەرەنجام هاوینی رابردوو بە خواستن پەیوەندی بە فولهامەوە کرد بەڵام یانەکەی پریمەرلیگ مافی کڕینەوەی هەمیشەیی ئەو یاریزانەی هەیە بە 30 ملیۆن یۆرۆ.
ساموێل سەرەتا لەگەڵ فولهام بێ دەنگی هەڵبژارد، تاوەکو شەوی رابردوو لە نیوەی دووهەم بەشداریکرد و توانی دوو گۆڵ لە مانچێستەر سیتی تۆماربکات.
میلان بەهیوایە ئەو یارییە ببێتە سەرەتایەکی تازە بۆ هێرشبەرەکەی تاوەکو تواناکانی بۆ یانە کاتییەکەی بسەلمینێت و بەیەکجاریی بیگوازنەوە. تاوەکو بتوانێت بە پارەیەکی ساڵی ئاییندە یاریزانی دیکە بگوازێتەوە.
سەرباری گۆڵەکانی چەکویزی فولهام 4-5 یارییەکەی دۆڕاند.



